ئەو خۆراکانە چین کە بۆ قۆناغەکانی گەشەی منداڵ پێویستن؟

2019-05-14

36593 جار خوێندراوەتەوە

+ -

منداڵان بەپێی قۆناغەکانی تەمەنیان پێویستییە خۆراکییەکانیان دەگۆڕێت، پێویستە دایکان و باوکان رەچاوی سیستمی خواردنی منداڵەکانیان بکەن، بۆئەوەی بە شێوەیەکی تەندروست گەشەبکەن.

دکتۆر خالید حەمەساڵح پسپۆڕی نەخۆشییەکانی منداڵان، لە بەرنامەی بەیانیت باش کوردستان لە کەناڵی ئێن ئاڕ تی، گرنگیی خۆراکی بەپێی قۆناغەکانی تەمەن بۆ منداڵان خستەڕوو.

خالید حەمەساڵح ئاماژەی بەوە کرد، لە سەرەتای دروستبوونییەوە لە سکی دایکیدا گەشەکردنی منداڵ دەستپێدەکات.

ئەو پزیشکە پسپۆڕەی منداڵان گەشەکردنی منداڵی بۆ دوو جۆر دابەشکرد، یەکەمیان زیادکردن لە کێش و قەبارەی جەستە و ئەندامەکانی، دووەمیان لەو گۆڕانکارییانەی لەڕووی جوڵە و خواردن و قسەکردن و پێگرتن و پەرەسەندنی هەڵسوکەوتەکانییەوە پێکدێت.

دکتۆر خالید حەمەساڵح پسپۆڕی نەخۆشییەکانی منداڵان، پێیوایە خۆراک کاریگەرییەکی راستەوخۆی هەیە لەسەر گەشەی منداڵ، ئەگەر دایکێک پێکهاتەی خۆراکیی باش نەبێت منداڵەکە گەشەی باش نابێت، دوای لەدایکبوونی لە یەک ساڵ تا دوو ساڵ گەشەی منداڵ لەڕووی قەبارەوە پەیوەندیی بە خۆراکەوە هەیە، دوو ڕۆژی منداڵ وەک یەک نییە و لە گۆڕانکارییەکی زۆر خێرادایە، بۆ نمونە مل ئەگرێت و دادەنیشێت و دەکەوێتە سەر پێ و دەستدەکات بە قسەکردن.

ئەو پسپۆڕەی بواری نەخۆشییەکانی منداڵان ڕێنمایی دایکان دەکات کە پاش لەدایکبوون، لە هەفتەی یەکەم ژەک شیری دایک زۆر کاریگەریی هەیە لەسەر کۆرپەکە، چونکە هەموو پێداویستییەکانی منداڵەکە پڕدەکاتەوە و بەرگریی بەهێزدەکات، تا شەش مانگی یەکەم شیری دایک کاریگەریی ڕاستەوخۆی هەیە لەسەر گەشەی منداڵ، شیر تا شەش مانگ تەواوی پێویستیی منداڵ پڕدەکاتەوە.

لەبارەی قۆناغی دوای شەش مانگەوە دکتۆر خالید حەمەساڵح دەڵێت، "دوای شەش مانگ پێویستە جگە لە شیر خۆراکیش بدرێت بە منداڵ، چونکە شیر تەنها دەتوانێت لە سەدا ٥٠ی پێویستییەکانی پڕبکاتەوە، ئەو خۆراکەی پێی دەدرێت لە شیر خەستتربێت و ڕەقیش نەبێت، ئەم قۆناغە زۆر گرنگە بۆ منداڵ، چونکە دەتوانیت فێری خۆراکی بکەیت، بەم شێوەیە منداڵەکە لە باوەشدا و بە دانیشتنەوە دابنرێت نەک بە پاڵکەوتنەوە، پێویستە خۆراکەکە لە شیر خەستتربێت و دەنکۆڵەی تیدا نەبێت و مادە پڕۆتینییەکانی تێدا نەبێت، گۆڕانکاری بکرێت لە جۆری خواردنەکان و هەر هەفتەیەک جۆرێک لە خواردنی پێ بدرێت، بۆئەوەی ئەگەر هەستیاریی بە هەر جۆرێک دروستبوو ئەوە لاببرێت، بۆ نمونە برنجی هاڕاو بکوڵێنرێت و بە شێوەی شۆربا بدرێت بە منداڵەکە، هەندێک خۆراکیش هەن نابێت پێش تەمەنی یەک ساڵی بدرێن بە منداڵ، وەک هەنگوین و سپێنەی هێلکە و ماسی."

خالید حەمەساڵح پسپۆڕی نەخۆشییەکانی منداڵان وتی، "لە دوای تەمەنی یەک ساڵ شیر لە سەدا ٢٥ی پێداویستییەکانی پڕدەکاتەوە، بەدیل هەیە بۆ شیر و دەتوانێت بیخوات، وەک کەسە ئاساییەکانی تر دەتوانرێت هەموو خۆراکێکی پێ بدرێت، باشتروایە کە سێ ژەمی سەرەکی و  دوو ژەمی بچووک لە نێوانیاندا هەبێت، هەندێک منداڵ تا ساڵ و  نیو ناتوانێت خواردنە زۆر ڕەقەکان وەربگرێت، پێویستە خواردنەکانی بۆ ورد بکرێت، هەندێکجار دوای دوو ساڵ دەتوانێت خۆراکە ئاساییەکان وەربگرێت، بۆیە دەبێت بە وریاییەوە خواردنی پێ بدرێت بۆئەوەی نەبێتە هۆی مەترسی لەکاتی خواردنیدا، وەک خواردنە ڕەقەکان."

لەبارەی پڕۆتیینەکان و ڤیتامینەکانەوە ئەو پزیشکە پسپۆڕەی نەخۆشییەکانی منداڵان وتی، "پڕۆتینەکان و کاربۆهایدرات و چەوری، سەرچاوەی کالۆری و وزەن بۆ چالاکی و ژیانی ڕۆژانە، بەڵام خوێیەکان و ڤیتامینەکان و ئاسن و کالسیۆم زۆر گرنگن و مرۆڤ بەبێ ئەمانە ژیانی بەردەوام نابێت، بۆیە بۆ گەشەی منداڵ گرنگە و دەتوانرێت لەڕێی خۆراکەکانەوە پڕبکرێتەوە."