پێنج ڕێگە تا وا لە منداڵەکەت بکەیت خواردنی تەندروست بخوات

2019-05-05

2658 جار خوێندراوەتەوە

+ -

دایکان و باوکان پێویستە منداڵەکانیان رابهێنن لەسەر ئەوەی رۆژانە خواردنی تەندروست بخۆن و بەدووربن لە خواردنە ئامادەکراو و نا تەندروستەکان، بۆ ئەوەی گەشەیەکی باشیان هەبێت و پەرە بە توانا جەستەیی و مێشکییەکانیان بدەن.

ماڵپەڕی بی بی سی ئاماژەی بە پێنج ڕێگە کردووە بۆ دایکان و باوکان تا وا بکەن منداڵەکانیان خواردنی تەندروست بخۆن.

پێدانی بژاردە:

تینا لی لێکۆڵەری بواری خۆراک ئامۆژگاری دایکان و باوکان دەکات کە بژاردە بدەن بە منداڵەکانیان، هەڵبژاردەکەش لە نێوان دوو خۆراکی تەندروست بێت. دەشڵێت "ئەمە وا دەکات ئەگەری نەخواردن کەم بکاتەوە و وا دەکات هەست بکەن ئەوان باڵادەستن. ئەوەشی خستوەتە ڕوو کە ئەگەر بژاردە نەدەین بە منداڵەکان ئەوا هەست بە بێزاری دەکەن.

هەنگاوی بچوک:

ئانا گروم پسپۆڕی بواری منداڵ و خۆراک، جەخت دەکاتەوە کە منداڵ زۆر بخوات شتێکی ئاسان نییە، و دەشڵێت دەستکردن بە گۆڕانکاری بچوک وا دەکات پەستان لە کاتی ژەمەکان کەم بکاتەوە و دەمەقاڵێ کەم دەکاتەوە. و ئاماژەی بەوەشکردووە "گرنگە هەندێک خۆراکی تەندروست لەسەر قاپەکەیان بێت کە دڵنیایت دەیخۆن، بەڵام لە هەمان کاتدا دەتوانیت شتێکی نوێ بە بڕێکی کەم بۆیان دابنێیت".

ببە بە نمونەیەکی باش:

تینا دەڵێت: ئەگەر خۆت خواردنی تەندروست بخۆیت، ئەوا دەکرێت منداڵەکەشت هەمان خواردنی تۆ دوبارە بکاتەوە و ببیتە نمونەیەك بۆی، ئەوەشی وتووە کە لە کاتی ژەمەکاندا پێکەوە نان خواردن دەبێتە هاندان بۆ منداڵەکەت تا خۆراکی تەندروست بخوات.

خەڵاتکردن:

خاڵێکی تری گرنگ ئەوەیە کە خەڵات بدەیتە منداڵ بۆ خواردنی ژەمی تەندروست، ئەو پسپۆڕە ئاماژەی بەوەکردووە کە نابێت خەڵاتەکان پەیوەندییان بە خواردنەوە هەبێت و وا باشترە چالاکییەک بێت وەک چوونە دەرەوە بۆ باخچە یان ڕەنگکردن پێکەوە یاخود دانانی ئەستێرە وەک خەڵات.  تینا وتوویەتی "نابێت بە منداڵ بڵێیت ئەگەر ئەم خواردنە بخۆیت ئەوا چۆکۆلاتە یاخود ساردەمەنیت پێدەدەم، لەبەر ئەوەی وا دەکات هەست بکەن ئەو خواردنانەی داوایان لێ دەکەین بیخۆن کەم بایەخترن لەو خەڵاتەی کە پێیان دەدەین.

شێوەی جەستە:

بە تایبەت بۆ منداڵانی تەمەنیان گەورەترە، خواردن و کێش دەکرێت بابەتێکی هەستیارتر بێت و بایەخەکان سەبارەت بە شێوازی دەرکەوتنیان زیاتر بێت، تینا داوا دەکات دایکان و باوکان شێوەی جەستەی منداڵ نەبەستنەوە بە شێوازی خواردنیانەوە، وتوشیەتی "هاندانی منداڵ تا تەندروست بێت بۆ ئەوەیە کە هەست بە باشتر بکەن، نەک تەنها بۆ شێوازی دەرکەوتنیانە".

ئاناش لەسەر هەمان خاڵ وتویەتی "پێویستە خێزان سیستمی خۆراکی خۆیان بگۆڕن تا منداڵ وا هەست نەکات کە لە بازنەی خێزانەکەی بە تەواوی دوورخراوەتەوە".