یادی لەدایکبوونی شێرکۆ بێکەس لە لەندەن دەکرێتەوە

2019-05-03

2496 جار خوێندراوەتەوە

+ -

یادی ٧٩ ساڵەی لە دایكبوونی شێرکۆ بێکەس لە بەریتانیا دەکرێتەوە.

كۆمەڵەی كەلتوور و هونەریی كوردی/ لەندەن، بە ناونیشانی "شێركۆ بێكەس دەنگێكی جودا" یادەکە بەڕێوەدەبات.

لەویادەدا هەڵۆ شێرکۆ بێکەس تێکستێکی شیعری دەخوێنیتەوە، هونەرمەندی گۆرانیبێژ پەیوەند جاف گۆرانی دەڵێت، هونەرمەند چیا مەدەنی بەشدارە.

یادەکە ڕۆژی یەکشەممە ٥ی ئایاری ٢٠١٩ کاتژمێر پێنجی ئێوارە لە  لەندەن دەستپێدەکات.

شێرکۆ بێکەس کوڕی فایەق بێکەسى شاعیرە و ٢ی ئایاری ساڵی ١٩٤٠ لە گەڕەکی گۆیژەی سلێمانی لەدایکبووە، شێرکۆ تەمەنی هەشت ساڵان بووە کە بێکەسی باوکی کۆچی دوایی کردووە.

شێرکۆ لە تەمەنى منداڵییەوە لەسەر سامانە ئەدەبییەکەى بێکەسى باوکى خۆى پەروەردە کرد و هەر لە تەمەنێکى کەمى منداڵییەوە دەستى بە شیعر نوسین کردووە، یەکەم شیعری لە تەمەنی ١٧ ساڵیدا لە ڕۆژنامەی ژین بڵاوکردووەتەوە.

ساڵی ١٩٦٨ یەکەمین کتێبی شیعری خۆی بە ناوی تریفەی ھەڵبەست لە بەغدا چاپکردووە، لە ساڵی ١٩٧٠ لەگەڵ کۆمەڵێک لە شاعیرانی ئەو سەردەمە بانگەشەى گۆڕانکارییان لە شیعرى کوردیدا کردووە کە بە گروپى ڕوانگە ناسراون.

لەبارەى شێرکۆوە بەشێکى زۆر نوسەر و لێکۆڵەر و مامۆستایانى زانکۆ لێکۆڵینەوەیان لەسەر بەرهەمەکانى کردووە، لەوبارەیەوە شاعیرى ناسراوى عەرەب ئەدۆنیس لەوتارێکدا لە فێستیڤاڵیکى شیعرى لە سلێمانى دەڵێت، پەیامى بەرهەمەکانى شێرکۆ تەنیا بۆ کورد نییە، بەڵکو پەیامێکى مرۆڤدۆستانەیە و بۆ جیهانە، باسى لەوەش کرد، گەلانى ناوچەکە لەڕێى شیعرەکانى شێرکۆوە باشتر لە ئازارەکانى کورد تێدەگەن.

بەختیار عەلى نوسەر و ڕۆماننوسى کورد دەڵێت، شێرکۆ بێکەس شاعیرێکى ژیاندۆستە و کۆى بەرهەمەکانى شۆڕشێکە بەرامبەر ئەو بێدەنگییەى مێژووى کۆمەڵگەى کوردى داگیرکردووە.

ئاماژەى بەوەش کردووە، شێرکۆ زمانى ئیستاتیکى لە زمانى گشتى جیاکردەوە و لەدواى شێرکۆ شێوازى قسەکردن و مامەڵەکردن لەگەڵ شتەکان دەگۆڕێن.

ساڵى ٢٠٠٩ تەواوی بەرھەمەکانی کە نزیکەى ٤٥ کتێبە لە ھەشت ھەزار پەڕەدا چاپکراون کە خۆى دەبینێتەوە لە نوسین، شیعر، شانۆنامە، پۆستەر، دەقی کراوە، پەخشان، داستان و چەندین بەرهەمى دیکە.

جگە لەو کتێب و دیوانانەى شێرکۆ خۆى نوسیوونى، دەیان کتێب و توێژینەوە و لێکۆڵینەوە و وتار و کۆنفڕانس لەسەر بەرهەمەکانى شێرکۆ نوسراون و کراون، وەک شاعیرێکى نوێگەرى شیعرى کوردى، وەک یەکێک لە ئەدیبە دیارەکانى عێراق و ناوچەکە لەلایەن لێکۆڵەرەوانەوە ناسێنراوە.

دیارترین بابەت لە شیعرەکانی شێرکۆدا کە لاى ئەو بایەخى تەواوى هەبووە نەتەوە و نیشتمانن لەگەڵ ئەو ڕووداوانەی بەسەر کورد و کوردستاندا هاتوون وەک، کیمیاباران و ئەنفال و کۆڕەو و داگیرکردنى خاکى کوردستان و کەسایەتییە ناودارەکانى کورد.

نوسەرو ڕۆشنبیر ئازاد بەرزنجى کە بەشێک لە بەرهەمەکانى بێکەسى وەرگێڕاوەتە سەر زمانى عەرەبى، لەبارەى شێرکۆوە دەڵێت، شێرکۆ بێکەس هێندە دەستەواژە و وشەی باڵای بەکارهێناوە کە دەکرێت وەک سیمبۆلێک بۆ داکۆکیکردن لە دادوەریی کۆمەڵایەتی و هێنانەئارای یەکسانی کۆمەڵایەتی بەکاربهێنرێت.

شێرکۆ بێکەس ساڵی ١٩٨٧ لە سوید "خەڵاتی تۆخۆڵسکی" وەردەگرێت، خەڵاتەکەی لەلایەن سەرۆک وەزیرانی ئەو دەمی سوید ئیگڤار کالرسۆنەوە پێشکەشکرا، جگە لەوەش چەندین خەڵاتی دیکەى ناوخۆیى و نێودەوڵەتى وەرگرتووە.

ئەو شاعیرە لەدواى ١٩٩٢ەوە بەردەوام یەکێکبووە لە ڕەخنەگرە جدیەکان بەسەر دەسەڵاتدارانى هەرێمەوە و بەردەوام لە بەرهەمەکانیدا ڕەخنەى توندى لە چۆنیەتى حکومڕانى پارتى و یەکێتى گرتووە، لە دوا ساتەکانى تەمەنیشیدا هێزە ئەمنییەکانى سلێمانى ڕێگەیان نەدا مەراسیمى ناسین و بڵاوکردنەوەى کتێبى ئێستا کچێک نیشتمانمە لە هۆڵێکدا ئەنجامبدات.

شێرکۆ بێکەس ڕۆژی ٤ى ئابى ٢٠١٣ لە ستۆکهۆڵمی پایتەخی سوید بەھۆی شێرپەنجەوە کۆچی دوایی کرد و لەسەر وەسێتی خۆی لە پارکی ئازادی شاری سلێمانی بە خاک سپێردرا.