توێژینەوەیەک پەیوەندیی نێوان قەڵەویی منداڵان و توشبوونیان بە خەمۆکیی دەردەخات

2019-04-28

1815 جار خوێندراوەتەوە

+ -

توێژینەوەیەکی بەریتانی دەریخستووە، ئەو منداڵانەی کە لە تەمەنی ٧ ساڵیدا کێشی جەستەیان زۆرە مەترسی توشبوونیان بە خەمۆکیی و دڵەڕاوکێ زیاترە و تا دەگەنە تەمەنی ١١ ساڵ باری دەروونییان خراپتر دەبێت.

ماڵپەڕی بی بی سی بەریتانی نوسیویەتی، توێژەرانی زانکۆی لیڤەرپوڵ ئاشکرایانکردووە، قەڵەویی لە منداڵدا پەیوەندییەکی یەک ئاڕاستەی بەهێزی لەگەڵ خراپی باری دەروونییدا هەیە ئەو کاریگەرییەش زیاتر لەسەر منداڵانی کچ دەردەکەوێت.

توێژینەوەکە لەسەر هەزار و ٧٠٠ منداڵی لەدایکبووی بەریتانیا کراوە و بە پشت بەستن بە داتاکان پەیوەندیی نێوان قەڵەویی و خەمۆکییان لە منداڵاندا دۆزیوەتەوە و زاناکان دەڵێن ئەو کاریگەرییە لە تەمەنی حەوت ساڵی بەدواوە دەردەکەوێت و تا تەمەنی ١١ ساڵی کاریگەرییە نەرێنییەکانی زیاددەکات، بەڵام هیچ ئاماژەیەک نییە لە پێش ئەو تەمەنەوە قەڵەویی منداڵ کاریگەریی لەسەر خراپی باری دەروونییان هەبێت.

شارلۆت هاردمان مامۆستا لە زانکۆی لیڤەرپوڵ لەبارەی توێژینەوەکە وتوویەتی، "خەڵك وا دەزانن زۆر بە سادەیی دەتوانرێت لە ڕێگەی کەمکردنەوەی خۆراک و ڕاهێنانی وەرزشییەوە کێشی منداڵان داببەزێندرێت، بەڵام بابەتەکە وا سادە نییە چونکە قەڵەویی هۆکاری توشبوونە بە خەمۆکیی و بە پێچەوانەشەوە، وەکو ئەوە منداڵ لە دەورانێکدا گیربخوات و بسوڕێتەوە."

 ئەو پزیشکە وتوشیەتی، "دەبێت بزانرێت چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەو منداڵانەدا دەکرێت کە قەڵەون".

Image result for child obesity