مەترسییەکانی ئاو نەخواردنەوە لەسەر تەندروستیی منداڵان

2019-04-27

2756 جار خوێندراوەتەوە

+ -

زۆرێك لە منداڵان ئاو خواردنەوە پشتگوێ دەخەن یاخود هەر ئارەزوو ناکەن بیخۆنەوە، لەجیاتی ئەوە شەربەت و خواردنەوە گازییەکان دەخۆنەوە کە ئەمەش دەبێتە مەترسیی بۆ سەر تەندروستییان.

بەگوێرەی ماڵپەڕی ستاندارد میدیای بەریتانی ئاماژە بەوەکراوە، پزیشکان لە ئەمەریکا داوایان لە دایکان و باوکان کردووە کە هانی منداڵەکانیان بدەن تا ئاو بخۆنەوە، چونکە نەخواردنەوەی ئاو وادەکات رۆژانە ١٠٠ کالۆری زیاتر بچێتە جەستەیانەوە.

ڕەنگە ڕازی کردنی منداڵ بەوەی ئاو بخواتەوە ئاسان نەبێت، بەڵام پزیشکان پێیان وایە کە ئەمە جەنگێکە و شایەنی ئەوەیە شەڕی بۆ بکرێت، چونکە مەترسی تەندروستیی بۆ منداڵ دەبێت.

ئەشەر رۆزنجەر ئەنجامدەری توێژینەوەکە و بەرپرسی تاقیگەی ئاو و تەندروستیی و خواردن لە زانکۆی بەنسلفانیا لە راگەیەندراوێکدا وتوویەتی: دەبێت منداڵ ڕۆژانە ئاو بخواتەوە، ئاو ببێت بە خواردنەوەی یەکەم بۆیان.

ئاماژەی بەوەشدا: ئەگەر ئاو نەخۆنەوە ئەگەری هەیە لە جیاتی ئەوە خواردنەوەی دیکە بخۆنەوە، وەك ئەو خواردنەوانەی کە شەکری زۆریان تێدایە بەمەش کالۆریان زیاد دەکات و کەمتر سوودی دەبێت بۆیان.

رۆزنجەر لەگەڵ هاوپیشەکانیدا پشکنینیان بۆ داتای ٨٤٠٠ منداڵ کرد لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا کە تەمەنیان لە نێوان دوو بۆ ٩ ساڵیدا بوو.

گروپی توێژەران بۆیاندەرکەوت، یەك منداڵ لە هەر پێنج منداڵێك بەدرێژایی ڕۆژ هیچ ئاوی نەخواردووەتەوە، کە ئەمەش هۆکار بووە بۆ ئەوەی مەترسی لەسەر تەندروستیی دروستبێت، بەراورد بەو منداڵانەی کە ئاو دەخۆنەوە.

بەگوێرەی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی، دەبێت هەموو کەسێك تەنها %١٠ی خواردنەوەکانی رۆژانەی شیرینەمەنی بێت، بەڵام ئەو منداڵانەی کە بەشداری توێژینەوەکە بوون هیچ ئاویان نەدەخواردەوە و ئەمەش مەترسی بوو بۆ تەندروستییان.

ژ.ن