خۆشەویستیی لە سەردەمی شێرپەنجەدا بڵاودەبێتەوە

2019-04-19

4156 جار خوێندراوەتەوە

+ -

بڕیارە بەمنزیکانە لەچەند مەراسیمێکی تایبەتدا کتێبی خۆشەویستیی لە سەردەمی شێرپەنجەدا بڵاوبکریتەوە.

کتێبی خۆشەویستیی لە سەردەمی شێرپەنجەدا نوێترین کتێبی نووسەر و ڕۆژنامەوان ستیڤان شەمزینییە.

لە لێدوانێکدا بۆ دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی ستیڤان شەمزینی لەبارەی کتێبەکەیەوە وتی "مۆنۆلۆگێکە لەنێوان خۆم و مندا، تەنیا باس لە خۆشەوسیتیی ئەبستراکت ناکات، تێدەپەڕێت بۆ قسەکردن لەسەر کۆمەڵێک کۆنسێپتی تری وەک جەستە و مەرگ و ژیان و بەکاڵابوونی مرۆڤ و شارستانی نوێ و عەقلی ئامێری و ڕەخنەگرتن له مۆدێرێنێتە".

بڕیارە هەفتەی داهاتوو لە هەڵەبجه و سلێمانی و گەرمیان مەراسیمی بڵاوکردنەوە بۆ کتێبی خۆشەویستی لەسەردەمی شێرپەنجەدا سازبکرێت.

ستیڤان ئەحمەد سید علی ناسراو بە ستیڤان شەمزینی، لە شاری سلێمانی لەدایکبووە، لە ساڵی ١٩٩٦ لەبواری ڕۆژنامەوانییدا کاردەکات، ماوەی چوار ساڵ تا ساڵی ٢٠٠٠ پێشکەشکار و بێژەر بووە لە ڕادیۆی حزبی کۆمونیست، ماوەی هەشت ساڵ کادری حزبی کۆمۆنیستی کریکاریی بووە، لە ساڵی ١٩٩٩ لە دامەزراندنی یەکێتی ڕوژنامەنوسانی کوردستان وەک ئەندام بەشداریی کردووە، ئەندامانی فیدراسیۆنی جیهانیی ڕۆژنامەنووسانە، ئەندامی کارای سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستانە و ماوەی هەشت ساڵ ئەندامی لقی سلێمانی سەندیکای ڕۆژنامەنووسان بووە، سەرۆکی ڕێکخراوی کوردستانە بۆ مافی مرۆڤ، ئەندامی بۆردی کۆمەڵەی دۆستایەتی گەلانی چەوساوەی جیهانە ـ له قاهیرە، ماوەی حەوت ساڵ سەرنووسەری ڕۆژنامە و گۆڤاری نێوەند بووە له ساڵانی ٢٠٠٤ بۆ ٢٠١١، سەرنووسەری گۆڤاری شەپول بووە بۆ ماوەی سێ ساڵ لە ٢٠١١ بۆ ٢٠١٤، پێشتریش سەرنووسەری ڕۆژنامەی دەروازە بووە لە ساڵی ١٩٩٨کە یەکەمین ڕۆژنامەی خوێندکاری چەپ و سەربەخۆ بووە، لە ساڵانی ١٩٩٩بۆ ٢٠٠٠ جێگری سکرتێری یەکێتی خوێندکاران و لاوانی ئازاد بوو کە ڕێکخراوێکی خوێندکاریی چەپڕەو بووە.

ستیڤان شەمزینی لە شاری ستۆکهوڵم ـ سوید نیشتەجێیه، نووسەری ماوەی حەوت ساڵە ململانێ لەگەڵ نەخۆشی شێرپەنجه دەکات و بەشی زۆری ئەم کتێبانەشی له نەخۆشخانە ئامادەکردوون بۆ چاپ.

Image may contain: Stivan Shamzini, indoor

تا ئێستا ١٦ کتێبی چاپکراوی هەیە بەم ناونیشانە:

- دوور و نزیک ـ پەنچەرەیەک بۆ ڕوانین له کۆمەڵگەی کوردیی

- تێزەکان دەربارەی کۆمۆنیزمی کرێکاریی

- روڵی گۆران له نوێکردنەوەی شیعری کوردیدا

- کورد و تورک لە ململانێی مێژووییەوە بۆ بەرژەوەندی هاوبەش

- داعش لوتکەی تیرۆریزمی ئیسلامی

- بەتیشکی ئەشقت ئەدرەوشێمەوه ـ شیعر

- فلاشباک ـ ئەزموون

- دەستنووسێکی کۆنی عیشق ـ‌ شیعر

- تێڕوانینی سێهەم ـ ڕەهەندەکانی ژیان و سیاسەت لە جڤاتی کوردیدا

- ‌گووتاری پۆپۆلیستی و خەونی بچوکی ڕۆشنبیران

- گەمەی شەیتان

- قوتوی عەتار ـ وتاری ڕۆژنامەوانی -بەرگی یەکەم

- قوتوی عەتار ـ وتاری ڕۆژنامەوانی -بەرگی دووەم

- تێکشکانی چەپ لە کوردستان

- وەرزە سەوزەکانی ئەوین ـ شیعر

- خۆشەویستی لەسەردەمی شێرپەنچە

- جگە لەوەش 4 کتێبی تری ئامادەن بۆ چاپ

- سۆناتای خۆشەویستی ـ شیعر

- بازاڕی گولفرۆشی ـ شانۆنامه

- کابووس - رۆمان

- قوتوی عەتارـ بەرگی سێهەم