گوندێك لە کوردستان تایبەت بە کاکەییەکانە

2019-01-20

199230 جار خوێندراوەتەوە

+ -

گوندی هاوار کە دەکەوێتە ڕۆژهەڵاتی پارێزگای هەڵەبجە، گوندێکی تایبەتە بە یارسانییەکان (کاکەییەکان) و مەزارگەی تایبەت بە ئاینیی کاکەییەکانی لێیە.

بەرنامەی پەلکەزێڕینەی لادێ لە نوێترین ئەڵقەیدا سەردانی گوندی هاواری کردووە، کە سەربە پارێزگای هەڵەبجەیە، ئەم گوندە یەکێکە لە گوندە سەرنجڕاکێشەکانی کوردستان کە سروشتێکی جوانی هەیە.

تەواوی دانیشتووانی ئەم گوندە ئاینی یارسانی (کاکەیی) پەیڕەودەکەن و، پەرستگایەکی تایبەت بە یارسانییەکان لەم گوندەدا هەیە کە ڕۆژانە لە ناوچە جیاجیاکانی کوردستانەوە پەیڕەوانی ئەو ئاینە سەردانی دەکەن.

ژمارەی دانیشتووانی ئەم گوندە کەمن و زیاتر وەکو شوێنێکی گەشتیاری بۆی دەچن، هەروەها سروشتی شاخاویی ئەم ناوچەیە وایکردووە مەڕوماڵاتی تێدا بەخێوناکرێت و، دانەوێڵەی تێدا ناچێنرێت و زیاتر پشت بە بەرووبوومی دارودرەخت دەبەستن.

پەلکەزێڕینەی لادێ، بەرنامەیەکی نوێی کەناڵی "ئێن ئاڕ تی دوو"ە، یەکێکە لە بەرنامە نوێیەکان و تایبەتە بە ژیانی گوند و گوندنشینانی کوردستان، لەنیا عەبدوڵا پرۆدیوسەر و پێشکەشکاری بەرنامەکەیە.

مەبەست لە بەرهەمهێنانی ئەم بەرنامەیە ئەوەیە، هەموو گوندەکانی کوردستان بەسەربکرێنەوە، هەوڵێکە بۆ پێشکەشکردن و خستنەڕووی زانیاری و ئاشناکردنی بینەر بە کولتووری ناوچە جیاوازەکان.