مریشکە کوردییەکان لە فێستیڤاڵ بوون

2019-01-20

8354 جار خوێندراوەتەوە

+ -

دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی، هەولێر، ڕزگار کۆچەر
ئەمڕۆ لە فێستیڤاڵێکدا لە هەولێر چەند جۆرێکی دەگمەن لە مریشک نمایشکرا و توێژینەوەیەکی تایبەت لەسەر توخمی ئەو مریشکانە پێشکەشكرا.

لە لێدوانێکدا بۆ دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی، پڕۆفیسۆری یاریدەدەر دکتۆر یوسف بەرزنجی ئاماژەی بەوەکرد، بۆیەکەمجارە لەکوردستان فێستیڤاڵ و توێژینەوەیەکی تایبەت بەو بابەتە سازدەکرێت، ئەوان هەوڵدەدەن توخمی ئەو مریشکە بپارێزن و لەلایەن رێکخراوی فاوەوە وەک مریشکی کوردی بناسێنن.

دکتۆر یوسف ئاشکرایکرد کە لە ئێستادا لەلایەن وڵاتانی تورکیا و ئێرانەوە خواستێکی زۆر لەسەر ئەو جۆرە مریشکە هەیە، داوایشی لە خاوەن پەلەوەرەکان و ئارەزوومەندانی ڕاگرتنی پەلەوەر کرد توخمی ئەو جۆرە مریشکە نەگۆڕن،  

فێستیڤاڵەکە لەلایەن رێکخراوی داکۆکیکردن لەمافی ئاژەڵان، بەهەماهەنگی رێکخراوی دوانزەسوارەی مەریوان و بەشی سامانی ئاژەڵ لە کۆلێژی کشتوکاڵی زانکۆی سەلاحەدین سازکرا، بەناونیشانی ناساندنی مریشکی جوانی کوردی، جگە لە نمایشکردنی مریشکەکان، توێژینەوەیەکی زانستیی لەسەر توخمی مریشکی کوردی و چۆنیەتی پاراستنیان خرایە روو.

لەماوەی ڕابردوودا خواستێکی زۆر لەسەر چەند جۆرێکی مریشک هەبوو، لەبازاڕەکاندا بەنرخێکی زۆر دەفرۆشران، نرخی هەندێک مریشک گەشتە شەش هەزار دۆلار کەدەکاتە حەوت ملیۆن و دوو سەد هەزار دیناری عێراقی.