پۆلیسێک بەهۆی شیرپێدانی بە منداڵێکی نەناسراو پلەکەی بەرزکرایەوە

2018-08-23

449694 جار خوێندراوەتەوە

+ -

پۆلیسێکی ئەرجەنتینی لە نەخۆشخانەیەکی منداڵان، منداڵێکی بینیوە بەتەنیا و بێ ئەوەی کەسی لابێت لەبرساندا گریاوە، لەوکاتەدا شیری خۆی داوە بەمنداڵەکە، لەبەرامبەر ئەم هەڵوێستەی ئەو پۆلیسە حکومەتی وڵاتەکەی ڕێزلێنانی پێ بەخشی و پلەکەی بەرزکردەوە.

بەپێی راپۆرتە میدیاییەکان (سیلیستی جاکلین ئایالا) لە کاتی کارکردنیدا سەردانی یەکێک لە نەخۆشخانەکانی منداڵانی ناوچەی (بیریسۆ لە بۆینس ئایرس)ی کردووە، لەو کاتەدا گوێی لە دەنگی گریانی منداڵێک بووە، کاتێک (ئایالا)ی ئاسایش دەبینێت منداڵەکە لە برساندا بە کوڵ دەگری، بۆیە لەوکاتەدا بەبێ ئەوەی بزانێت ئەو منداڵە کێیە وەکو منداڵی خۆی شیری پێدەدات.

هاوڕێیەکی وێنەی ئەو دیمەنەی تۆمارکردووە و لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکاندا بڵاویکردووەتەوە، ئەو کارەی خانمە ئاسایشەکە دەنگدانەوەیەکی زۆری لێدەکەوێتەوە و بە هەزاران لایک و کۆمێنتی بۆ نوسراوە، کە خانمێکی ئاسایش بە جلوبەرگی کارەوە شیر بە منداڵێک دەدات، هەروەک "سی ئێن ئێن" ئاماژەی پێکردووە.

ئەو وێنەیە نزیکەی ١١٢ هەزار کۆمێنتی لەسەر نوسراوە خەڵکی بەکارێکی مرۆڤانەی دەزانن.

لەبەرامبەر ئەو هەڵوێستەیدا حکومەتی ئەرجەنتین بەشێوەیەکی فەرمی سوپاسگوزاری و ڕێزلێنانی بۆ ئەو ئاسایشە دەرکرد کە بە کارێکی مرۆڤانە هەستاوە، هەروەها وەزیری ئاسایشی بۆینس ئایرس ئاماژەی بەوەکرد کە ئایالای ئاسایش نمونەیەکە و دەبێت هەمووان چاوی لێبکەن، لەسەر ئەو کارەشی پلەکەی بەرزکرایەوە.

ئ.ل