ڤیدیۆ.. چۆپی فەتاح و هاوسەرەکەی کەرەنتینەکراون

2020-03-26

159193 جار خوێندراوەتەوە

+ -

خانمە هونەرمەندی گۆرانیبێژ لە گرتە ڤیدییەکدا رایدەگەیەنێت، خۆی و هاوسەرەکەی لە هۆتێلێکی شاری هەولێر کەرەنتینە کراون دواى گەرانەوەیان لە هۆلەندا.

چۆپی فەتاح لە ڤیدیۆیەکدا هۆکاری کەرەنتینەکردنیان روونکردووەتەوە و ئاماژەی بەوەکردووە، بەهۆی جەژنی نەورۆزەوە دوو کۆنسێرتی لە بەریتانیا و سێ کۆنسێرتی لە ئەمریکا هەبووە، بەڵام دوای رۆشتنیان بۆیان دەرکەوتووە بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆنا کۆنسێرتەکانی رەفزکراوەتەوە.

ئاشکرایکردووە، لە ١١ی ئایاردا گەشتییان کردووە دوای رەفزکردنی کۆنسێرتەکەیان بۆئەوەی لەو وڵاتەدا نەمێننەوە و لە ١٤ی هەمان مانگدا لە ئەڵمانیا بۆ هەولێر گەڕاونەتەوە، بەڵام لە فڕۆکەخانەی ئەڵمانیا پێیان ڕاگەیاندوون کە لە هەولێر بۆ ماوەی دوو هەفتە کەرەنتینە دەکرێن، ئەوانیش بەوە رازیبوون، هەروەک چۆپی ڕوونیکردووەتەوە، ئەوە کارێکی باشە بۆ پاراستنی خۆت و ئەوانی تر لە ڤایرۆسەکە.

دەربارەی رۆژانەی خۆی لە کەرەنتینەدا چۆپی دەڵێت"هەموو بەیانییەک خۆی لەو ژوورەی تێیدا کەرەنتین کراوە پاکی دەکاتەوە، هەموو ٢٠ خولەک جارێکیش دەستی دەشوات، کاتژمێر ١٠ پشکنینیان بۆ دەکرێت، ڕۆژانە دووجار ئەو پشکنینی پلەی گەرمی لەشمان بۆ دەکرێت ئەویش بەیانیان و ئێوارانە".

هەروەک چۆپی رایدەگەیەنێت، تا ئێستا تەندروستییان باشە و لە ماوەی چەند ڕۆژێکی تردا دەگەڕێنەوە بۆلای خانەوادەکانیان، ئاماژەی بەوەکردووە، کاتەکانی تری بە سەیرکردنی فیلم و پڕۆڤەی دەنگی و جێبەجێکردنی بەرهەمە نوێیەکەی لە ڕێگەی پەیوەندیکردنەوە بەسەر دەبات.

چۆپی فەتاح لە دایکبووی ١٩٨٣ لە شاری کەرکوک، لە تەمەنی سێ ساڵیەوە لەگەڵ خێزانەکەی لە هۆڵەندە دەژی، یەکێکە لە خانمە هونەرمەندە بەناوبانگەکانی کورد کە جگە لە زمانی کوردی بە ئینگلیزیش گۆرانی دەڵێت. لە ڕۆژی ١٧ی تشرینی دووەمی ٢٠١٨دا لیڤیای کچی لەدایك بووە.

ئ.ل