خانەوادەی بچوکترین قوربانی بە ڤایرۆسی کۆرۆنا هۆشداریی بە گەنجان دەدات

2020-03-26

18745 جار خوێندراوەتەوە

+ -

ئەگەرچی لە ناو خەڵکیدا وا بڵاوبووەتەوە کە ڤایرۆسی کۆڤید ١٩ تەنیا بۆ کەسانی بەساڵاچوو  مەترسیدارە، بەڵام خانەوادەی بچوکترین قوربانی ڤایرۆسەکە ئامۆژگاریی گەنجام دەکات کە ئەو بیرکردنەوانە هەڵەن و ئەو ڤایرۆسە بە گاڵتە وەرنەگرن تاکو وەک کچەکەیان بەسەر نەیەت.

بەگوێرەی هەواڵێکی رۆژنامەی زە سەنی بەریتانی، کڵۆوی میدڵتۆنی تەمەن ٢١ ساڵ کە بە بچوکترین کەس دادەنرێت لە بەریتانیا بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە مردبێت، بەبێ ئەوەی پێش توشبوونی بە کۆرۆنا هیچ نەخۆشییەکی هەبوو بێت و نیشانەکانی تێدا دەرکەوتبێت.

خانەوادەی قوربانییەکە ئاماژەیان بەوەکردووە، مردنی کچەکەیان پێویستە زەنگێکی ئاگادارکردنەوە بێت بۆ ئەو گەنجانەی بێ باکن لەبەرامبەر ڤایرۆسەکە و پێیان وابێت مەترسی بۆ گەنجام کەمترە.

دەیانی میدڵتۆن دایکی کچە کۆچکردووەکە لە فەیسبوک نوسیوویەتی "بۆ هەموو ئەوانەی پێیان وایە کە کۆرۆنا تەنها ڤایرۆسێکە، تکایە، دووبارە چاو بە بیرکردنەوەکانیاندا بخشێننەوە و ئاگاداریی خۆیانبن".

ئەو دایکە نوسیوویەتی "وەک کەسێکی کە بەدۆخەکەدا تێپەڕیوە و شارەزایی هەیە، ئەویش دوای ئەوەی کچە تەمەن ٢١ ساڵەکەم بەهۆی ئەو ڤایرۆسەوە لەدەستدا، داوا لە خەڵکی دەکەم زیاتر پابەندی رێنماییە تەندروستییەکان بن و لە ماڵەکانیاندا بمێننەوە".

بەریتانیا زیاتر لە هەشت هەزار توشبووی بە ڤایرۆسی کۆڤید ١٩ ڕاگەیاندووە، ئەمە لەکاتێکدا زیاتر لە ٤٢٢ کەس بەهۆی ئەو پەتایەوە گیانیان لەدەستدا.

ئ.ل