کەشناسى: شەپۆلێکی بەفر و باران ڕوو لە هەرێم دەکات

2020-02-28

66754 جار خوێندراوەتەوە

+ -

بەڕێوەبەرایەتى کەشناسى ڕایگەیاند، سبەى شەممە  شەپۆلێکى بارانبارین ناوچەکانى هەرێم دەگرێتەوە و ڕۆژى یەکشەممەش لە هەندێک ناوچە بەفر دەبارێت.

بەڕێوەبەرایەتى کەشناسى و بوومەلەرزەزانى هەرێمى کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، لە ئەنجامى هاتنى کاریگەرى نزمە پاڵەپەستۆى دەریاى سپى ناوەڕاست پێشبینى دەکرێت سبەى شەممە لە پاش نیوەڕۆوە بارانبارین کە هەندێ جار هەورە تریشقەشى لەگەڵ بێت و سەرەتا لە ڕۆژئاواى هەرێم و سنورى پارێزگاى دهۆک دەستپێدەکات.

ئاماژەبەوەشکراوە، بۆ ڕۆژى یەکشەممە کاریگەری ئەو شەپۆلە زیاتر دەبێت، بارانبارین تەواوى ناوچەکانى هەرێمى کوردستان دەگرێتەوە کە لە هەندێ ناوچە نمە باران و لە هەندێ ناوچەى دیکەش لێزمە باران دەبێت.

ئەوەشخراوەتەڕوو، خێرایی با چالاک دەبێت و دەگاتە ٣٠ کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا و پلەکانى گەرما بە ڕێژەیەکى بەرچاو دادەبەزێت بە بەراورد لەگەڵ پلەکانى گەرماى ئەمڕۆدا.

باسلەوەشکراوە، بەفر لە ناوچە شاخاوییەکان دەبارێت و کاریگەرى ئەو شەپۆلەش ڕۆژى دووشەممە کۆتایی دێت.