نوێترین زانیاری لەبارەی دۆخی تەندروستیی ئیسماعیل خەیات

2020-02-17

95950 جار خوێندراوەتەوە

+ -

 گەزیزە عومەر خێزانی هونەرمەند ئیسماعیل خەیات دەڵیت، ئەوەی لە توانای پزیشکەکاندابێت کراوە و لەئێستادا چاوەڕێی ڕەحمی خوداين.

 هونەرمەندو شێوەکاری کورد ئیسماعیل خەیات دوای ئەوەی لە حەوشەی ماڵەکەیدا دەکەوێت و  دووچارى خوێن بەربوونى دەمار دەبێت و نەشتەرگەری بۆئەنجام دەدرێت، لەئێستادا ماوەی هەفتەیەکە   لە  ژێر چاودێری وردی پزیشکیدا ژیان بەسەر دەبات، گەزیزە عومەر خێزانی هونەرمەند ئیسماعیل خەیات بە دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕتی راگەیاند،" ئەوەی لە توانای پزیشکەکاندابێت کراوە و لەئێستادا چاوەڕێی ڕەحمی خوداين

ئیسماعیل خەیات خاوەنى ٥٠ ساڵ خزمەتە لە بواری هونەری شێوەکاریدا ،  کێشانی  هێڵە ڕەش و سپیەکان یەکێکە لە سیما هەرە دیارەکانی تابلۆکانی ئەم هونەرمەندە، بە کارەکانیشی سروشتی کوردستان و تراژیدیاى کیماباران وئەنفالى خستووەتەڕوو، نەخشاندن و دروستکردنى تابلۆى تایبەتى لەسەر بەردی  کوردستان و بەردی ئەوڵاتانەی کە سەردانی کردوون سیمایەکی ترى هونەری ئەم  هونەرمەندەن و لە سەردەمی شەڕی ناوخۆشدا خەیات تاوێرە بەردەکانی پیرەری لە نزیک دێگەڵە نەخشاند، کە ئەوکات سنوری جیاکەرەوەی نێوانی هێزەکانی پارتی و یەکێتی بوو، تەنانەت  سەندیکای هونەرمەندانی کوردستانیش بە یەکێک لە هونەرمەندە مەزنەکانی کوردی ناوزەند دەکەن،

ئەو هونەرمەندە شێوەکارە ٦ هەزار تابلۆو نزیکی ١٥٠ پێشانگایی شێوەکاریە  و چەندین خولی ڕاهێنانی لەبواری شێوەکاریدا بۆ منداڵان کردۆتەوە،  یەکێک لە هاوڕێکانی ئاماژە بە نوێترین پلانی ئیسماعیل خەیات دەکات کە کردنەوەی پێشانگای ٥٠ ساڵەی کارەکانیەتی کە  لە ئێستادا بە هۆی ناجێگیری باری تەندروستیەوە دواخراوە،

ئیسماعیل خەیات لە ساڵی ١٩٤٤ لە خانەقین لەدایکبووە، دەرچووی خانەی مامۆستایانی بەعقوبەیە، ساڵانێک مامۆستای هونەر بووە لە قوتابخانەکانی سلێمانی و ئەندامی کۆمەڵەی شێوەکارانی عێراق و شێوەکارانی جیهانییە.

 لەساڵى ١٩٩٢بۆ ساڵى ١٩٩٨  بەڕێوبەری هونەری شێوەکاری بووە لە وەزارەتی رۆشنبیری حکومەتی هەرێم، چەندین پێشانگای کردۆتەوە لە وڵاتانی ئەوروپا و ئەمریکا و ئینگلتەرا، ئێستا خانەنشینە و هەموو کاتەکانی تەرخان کردووە بۆ کاری هونەری.

 

زۆرترین خوێندراو