وێنە.. چیرۆکی ئەو دایکەی لە پێناو منداڵەکانی قژی خۆی فرۆشت

2020-02-16

15373 جار خوێندراوەتەوە

+ -

ژنێک دوای خۆکوشتنی مێردەکەی و بەجێهێشتنی قەرزێکی زۆر لەسەری و هەژارییەوە، ناچار بۆئەوەی منداڵەکانی لەبرسان نەمرن قژی خۆی فرۆشت.

ماڵپەڕی بی بی سی نوسیوویەتی، ئەو ژنە ناوی بریمایە لەگەڵ مێردەکەی لە ویلایەتی تامین نادۆ لە باشوری هیندستان ژیاون، لەگەڵ مێردەکەی لە فڕنی تایبەت بە سورکردنەوەی خشت کاریکردووە و دواتر گواستوویانەتەوە بۆ ئەو بینایانەی کە دروست دەکران لە شوێنە جیاوازەکانی شارەکە.

ڕۆژانە ئەو ژن و مێردە ٤٠٠ ڕوبیەیان وەردەگرت، کە بەشی بژێوی ژیانیانی دەکرد، مێردەکەی "تارکا" بە قەرز فڕنێک دەکڕێت و دەیەوێت پڕۆژەیەکی نوێ جێبەجێ بکات، بەڵام پڕۆژەکەی شکست دەهێنێت، بەهۆیەوە توشی بێ ئومێدییەکی زۆر دەبێتەوە لە ئەنجامدا خۆی دەکوژێت، کە بریما و سێ منداڵەکەی و قەرزێکی زۆر بەدوای خۆیدا بەجێدەهێڵێت.

بریما دوای مردنی مێردەکەی ئەرکی بەخێوکردنی منداڵەکانی لە ئەستۆ دەگرێت، بەڵام بەو برە پارە کەمەی لە کارەکەیدا دەستی دەکەوێت بەشی خۆراک و پۆشاکی منداڵەکانی و قەرزەکانی ناکات، ناچار منداڵە بچوکەکەی لەگەڵ خۆی دەبات بۆ کارکردن، داهاتی ڕۆژانەکەی ٢٠٠ ڕوبیە بووە کە بە تێکڕایی دەکاتە دوو دۆلار و ٨٠ سەنت، ئەو پارەش بەشی خۆراک و پێداویستییەکانی ژیانی ناکات، لە هەندێک کاتیشدا برنج و ماست دەدات بە منداڵەکانی.

بارودۆخی ڕۆژبەڕۆژ خراپتر دەبێت و هیچ کەرەستە و خشڵێکی لە ماڵدا نامێنێت هەمووی بۆ قەرز و خۆراکی منداڵەکانی دەفرۆشێت، کە ماوەیەکی زۆرە خواردنێکی باشیان نەخواردووە.

کاتێک یەکێک لە منداڵەکانی کە تەمەنی حەوت ساڵانە لە خوێندگەکەی بەهۆی برسێتییەوە بە گریان دەگەڕێتەوە، قورسترین بڕیاری ژیانی دەدات و ئەو قژەی کە ساڵانێکی زۆرە پارێزگاریی لێکردووە دەیبڕێت، بە نرخی ١٥٠ روپیە دەیفرۆشێت، بەو پارەیە بڕێک برنج دەکڕێت و بەشێکی کەمی قەرزەکەی دەداتەوە.

ئەو دایکە بەهۆی خراپی گوزەرانییەوە هەوڵی خۆکوشتن دەدات، بەڵام دواتر هاوڕێیەکی بیر دەکەوێتەوە بەناوی "بالا" و داوای یارمەتی لێدەکات، هاوڕێکەی هاوکاریی دەکات و کاری بۆ دەدۆزێتەوە، بەهۆیەوە پارەی خۆراکی بۆ منداڵەکانی دەستدەکەوێت.

بالا چیرۆکی بریمای هاوڕێی لە تۆرە کۆمەڵایەتییەکانی هیندستان بڵاودەکاتەوە، لەماوەی چەند ڕۆژێکدا کۆمەک دەکرێت و بڕی ١٢٠ هەزار ڕوپیەی بۆ کۆدەکەنەوە، بەهۆیەوە قەرزەکانی دەداتەوە و ژیانی باشتر دەبێتەوە، لەلایەن بەرپرسی ناوچەکەیەوە کە چیرۆکەکەی لە ئینتەرنێتەوە زانیوە ئیشێکی گونجاو بۆ بریما دەدۆزێتەوە.

hndyn.jpg

ئ.ل

زۆرترین خوێندراو