منداڵێک ژیانی حەوت کەسی لە مردن ڕزگار کرد

2020-02-14

57788 جار خوێندراوەتەوە

+ -

لە ڕووداوێکدا منداڵێک کە تەمەنی لە پێنج ساڵ زیاتر تێپەڕی نەدەکرد، ژیانی حەوت کەس و سەگێکی لە مردن ڕزگار کرد.

بەگوێرەی میدیاکانی ئەمریکا، نەوا ودز ماڵیان لە ناوچەی براتۆ لە ویلایەتی جۆرجیایە، کاتێک بەیانییەک بەخەبەرهاتووە و بینیویەتی ماڵەکەیان بەهۆی شۆرتی کارەباوە ئاگری گرتووە، هەوڵیداوە خوشکە تەمەن دوو ساڵەکەی ڕزگار بکات.

ژوورەکەی نواو و خوشکەکەی تەنها دیوارێکی بەین بووە، بۆیە بەخێرایی توانیویەتی خوشکەکەی لیلی لە ئاگرەکە ڕزگار بکات، دواتریش لە پەنجەرەی ژوورەکەوە گەڕاوەتەوە بۆ رزگارکردنی سەگەکەی.

لە ڕۆژنامەی زە سەنی بەریتانیدا هاتووە، "پاڵەوانە بچووکەکە"، تەنها خوشکەکەی و سەگەکەی ڕزگارنەکردووە، بەڵکو کاتێک ئاگرەکە تەشەنەی کردووە بۆ ماڵێکی دراوسێیان، ئەوانیشی ئاگادار کردووەتەوە، کە مامی و باپیرەی لەگەڵ چوار ئەندامی تری خانەوادەکە لە ماڵەکەدابوون.

پۆلیسی ئاگرکوژێنەوەی ناوچەکە، توانیویەتی لە ماوەیەکی کورتدا کۆنترۆڵی ئاگرەکە بکات، هەروەک دواین جامیسۆن بە ماڵپەڕی سی ئێن ئێنی وتووە "ئەم جۆرە ڕووداوانە زۆر دووبارە دەبێتەوە کە منداڵان پێش گەورەکان ئاگاداری ڕووداوەکان دەبن، بەڵام ئەوەی ئەم منداڵە پێنج ساڵە کردویەتی کارێکی ئازایەنە و نائاسایی بووە".

دەیڤد ودز باپیرەی نوا وتوویەتی "کورەزاکەم ژیانی رزگارکردوین، ئێمە ئەوکات نوقمی خەوبووبووین، هەستمان بەهیچ نەکردبوو کە لە چواردەورماندا ڕوویدەدا".

بەڕێوەبەرایەتی ئاگرکوژێنەوەی ناوچەکە بە ئامادەبوونی برایان کیمب حاکمی ویلایەتی جۆرجیا ڕێزلێنانی بە نوا بەخشیوە و نازناوی "پیاوی ئاگرکوژێنەوەی فەخری"یان پێداوە.

ئ.ل