ڤیدیۆ.. بەهۆی کۆرۆناوە چینییەکان لە بالکۆنەکانیانەوە گۆرانی دەڵێن

2020-01-29

9003 جار خوێندراوەتەوە

+ -

بەشێك لە هاوڵاتییانی شاری ووهان کە خراونەتە ژوری تایبەتییەوە و لەژێر چاودێریدان، لە بالکۆنەی ژوورەکانیانەوە هاتوونەتە دەرەوە و گۆرانی دەڵێن، بۆئەوەی ورەی کەسانی دیکە بەرزبکەنەوە لەو کاتەی کە چین هەوڵدەدات رێگەیەك بۆ بڵاونەبوونەوەی ڤایرۆسەکە بگرێتە بەر.

لە هەواڵێکدا ماڵپەڕی روسیا تودەی ئاماژەی بەوەکردووە، شاری ووهان ١١ ملیۆن کەسی تێدا دەژی و بە بنکەی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە دادەندرێت، کە لە ئێستادا رووی لە بڵاوبوونەوە کردووە بە هەموو جیهاندا، داوا لە هاوڵاتییان کراوە کە لە ماڵەکانیاندا بمێننەوە تا ئەو کاتەی کۆنترۆڵی نەخۆشییەکە دەکرێت.

بەهۆی ئەمەشەوە سەدان کەس گیانیان لەدەستداوە و هەزاران کەس تووشی نەخۆشییەکە بوون و لەژێر چاودێری پزیشكدان.

لەم کاتەشدا دانیشتوانی بەشێك لە ناوچە جیاوازەکان بەتایبەت ئەوانەی تووشبوون و لەژێر چاودێریدان لە بالکۆنەی ماڵەکانیانەوە هاتوونەتە دەرەوە و  سرودی نیشتیمانییان وتوە و ڤیدیۆکەیان بڵاوکردووەتەوە بۆئەوەی ورە بدەن بە خەڵکانی دیکە هەروەها بە باشترین چارەسەر بۆ ئەم نەخۆشییە ناویان بردووە.

ئاستی تووشبووان بەم ڤایرۆسە لە چین بەرزبووەتەوە و چەند هەزارێکی تێپەڕاندووە، هەروەها ژمارەی قوربانییەکانیش گەشتووە بە زیاتر لە ١٠٠ کەس، هەروەها ژمارەی تووشبووان بەشێوەیەکی رۆژانە زیادی کردووە.