شێوازی دروستکردنی یاپراخی گەڵامێو بە ماست

2020-01-24

29079 جار خوێندراوەتەوە

+ -

یاپراخ یەکێکە لە جۆرە باوەکانی خواردن کە کەسانێکی زۆر ئارەزووی خواردنی دەکەن و لەماڵەوە دەتوانن بە ئاسانی ئامادەی بکەن.

کەرەستەکان:

گەڵامێوی بەستوو یان وشكکراوە

پاقلە

شوویت

پیازی سەوز ئەگەر هەبوو

برنجی خڕ

ماستی ترش یان دۆ

خوێ

گۆشت بە پێی ئارەزوو

شێوازی ئامادەکردنەکەی:

سەرەتا پاقلەکە بکوڵێنە و بیپاڵیوە، ئینجا گۆشتەکە سووربکەرەوە و بیکوڵینە.

شویتەکە بشۆرەوە و لەگەڵ پیازەکە وردی بکە.

برنجەکە بشۆرەوە ئینجا پیاز و شویتە وردکراوەکەی تێبگە لەگەڵ خوێ و ماستدا، دواتر رۆنی بۆ بقرچێنە و بیکە بەسەریدا.

 ئینجا گەڵاکە بشۆرەوە و لاسکەکەی لێ بکەرەوە، هەروەها چەند پیازێك بەخڕی دەربهێنە بۆ پێچانەوەی یاپراخەکە.

لە ناو مەنجەڵێکدا سەرەتا پاقلەکە دابنێ دواتر گۆشتەکە، ئینجا یاپراخەکە بپێچەرەوە پاشان کە هەمووی پێچرایەوەو تەواو بوو ڕۆن و ئاوی بکە بەسەردا و بیکەرە سەر ئاگر تا دێتە کوڵ، دواتر کزی بکە بۆ ماوەی کاتژمێرێك تا دەبێت.