کچێک بە خاوەنی درێژترین قژ لە جیهاندا ناوی تۆمارکرا

2020-01-20

30495 جار خوێندراوەتەوە

+ -

کچێکی تەمەن ١٧ ساڵ درێژی قژی ١٩٠ سانتیمەتر دەبێت، کە بەهۆیەوە بۆ جاری دووەم ناوی چووە کتێبی گینسەوە بۆ ژمارە پێوانەییەکان.

نیلانشی باتیل بەهۆی قژە درێژەکەیەوە لەلایەن هاوڕێکانی نازناوی "ڕاپۆنزل"یان پێداوە، کەسایەتییەکی نێو ئەفلام کارتۆنێکی خەیاڵییە.

هەروەک لە ڕۆژنامەی زە سەندا هاتووە، باتێل لەکاتی ڕێکخستنی قژیدا کاتژمێرێکی پێدەچێت، درێژیی قژی ١٩٠ سانتیمەترە، ئاشکرایکردووە، قژی زۆر خۆشدەوێت و بە "بەخششێکی خوای"ی وەسفی کردووە.

بۆ یەکەمجار باتیل لە٢١ی تشرینی دووەمی ٢٠١٨ وەک درێژترین قژ لە جیهاندا ناوی لە کتێبی گینسدا تۆمارکراوە، کە ئەوکات درێژی قژیی ١٧٠.٥ سانتیمەتر بووە، ئەمساڵ و بۆ جاری دووەم بۆ هەمان مەبەست ناوی تۆمارکرایەوە.

ئەو کچە لە تەمەنی شەش ساڵییەوە قژی درێژ دەکاتەوە و نەیبڕیوە، هیوادارە ڕۆژێک لە ڕۆژان خەڵاتی درێژترین قژ بۆ کەسانی پێگەیشتوو وەربگرێت.

باتیل لە شاری موداسا لە ویلایەتی گوجارات دەژی، کاتێکی زۆر بۆ قژی تەرخان دەکات، بۆئەوەی بە تەندروستیی بمێنێتەوە، پڕۆتین بەکاردەهێنێت بۆ بەهێزبوونی قژی، هەفتەی جارێک قژی دەشوات، بۆ وشککردنەوەی نیو کاتژمێری دەوێت، بۆ شانەکردن و ڕێکخستنی کاتژمێرێکی پێدەچێت.

باتیل زەیتی سروشتیی کە دایکی لە ماڵەوە دروستیی دەکات بەکاردەهێنێت، هەروەک خۆی دەڵێت نهێنی لە زەیتەکەدایە و لە کەرەستەی سروشتیی دروستدەکرێت .

ئ.ل