کۆمەڵێک سەگ لە ژووری منداڵبووندا هێرشیان کردە سەر منداڵێکی تازە لەدایکبوو

2020-01-16

28046 جار خوێندراوەتەوە

+ -

پۆلیسی هیندستان نەخۆشخانەیەکیان داخست، کارمەندەکانیش رووبەڕووی تۆمەتی "کوشتنی بەهەڵە" کرانەوە، ئەویش دوای ئەوەی کۆمەڵێک سەگ لە پەنجەرەیەکی نەخۆشخانەکەوە چوونە ژوری نەشتەرگەرییەوە و منداڵێکی تازە لەدایکبوویان کوشت.

بەگوێرەی هەواڵێکی ڕۆژنامەی گاردیانی بەریتانی، کۆمەڵێک سەگی بێ خاوەن لە ڕێگەی پەنجەرەوە چوونەتە ژووری نەشتەرگەریی منداڵبوون "ساڵەی مناڵبوون"، هێرشیان کردووەتە سەر منداڵێک کە سێ کاتژمێر بووە لە دایکبووە، لەو کاتەشدا خانەوادەی منداڵەکە لە دەرەوەی ژووری لەدایکبوونەکە بوون، گوێیان لە دەنگی سەگ بووە.

ڕووداوەکە لە هەرێمی فاروخاباد لە دووری ١٨٠ کیلۆمەتر لە لکناو پایتەختی ویلایەتی ئۆتار برادیش لە هیندستان روویداوە.

پۆلیس لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاشکرایکردووە، منداڵە تازە لەدایکبووەکە برینێکی زۆر بە تەواوی جەستەیەوە بووە، دواتر پزیشک هەواڵی مردنی منداڵەکەی راگەیاندووە، پەڕاوی کردووەتەوە بۆ دڵنیابوونەوەی زیاتر لە  هۆکاری مردنی منداڵەکە.

براکاش باندی پۆلیسی لێکۆڵەر وتوویەتی "منداڵەکە لە ژووری نەشتەرگەریی بە بێ چاودێریی جێهێڵراوە و پەنجەرەی ژوورەکەش کرابووەوە، هەر ئەمەش بووەهۆی ئەوەی سەگەکان هێرش بکەنە سەر منداڵەکە".

ڕوونیشیان کردووەتەوە، چاوەڕێی راپۆرتی پزیشکن بۆ دڵنیابوونەوە لە هۆکاری مردنەکەی، دواتر کەسانی بەرپرس لە ڕووداوەکە دەستگیر دەکرێن.

خانەوادەی منداڵەکە ئاماژەیان بەوەکردووە، لە سەرەتادا بەرپرسانی نەخۆشخانەکە پێی راگەیاندوون منداڵەکەیان بە مردووی لەدایکبووە، بەڵام کاتێک ئەوەیان رەتکردووەتەوە و داوای بەڵگەیان کردووە، دەرکەوتووە کە منداڵەکەیان بەهێرشی سەگ مردووە.

پۆلیس رایگەیاندووە، ئەو نەخۆشخانەیە بەبێ مۆڵەت کاردەکەن، بەهۆی ئەم کارەو چەندین کاری نایاسایی تر ڕووبەڕووی سزایی یاسایی دەبنەوە.

لە هیندستان زیاتر لە ٣٠ ملیۆن سەگی بێ خاوەن بوونی هەیە، ساڵانە بەهۆی توشبوون بە نەخۆشی سەگ و هێرشی سەگەوە نزیکەی ٢٠ هەزار سەگ دەمرن.

ئ.ل