مێردمنداڵێک بۆ گەیشتن بە فەڕەنسا لە شوێنى تایەی فڕۆکەیەکدا خۆی حەشاردا بوو

2020-01-11

83870 جار خوێندراوەتەوە

+ -

بەرپرسانی فڕۆکەخانەیەکی فەرەنسا مردنی مێردمنداڵێکی تەمەن ١٤ ساڵانیان ڕاگەیاند، کە پاش ئەوەی بە تایەی فڕۆکەیەکەوە خۆی هەڵواسیوە لە سەرمادا ڕەقبووەتەوە.

بەرپرسانی فڕۆکەخانەی شارل دیغۆلی فەرەنسای پایتەختی پاریس ڕایانگەیاند، "مێردمنداڵێکی تەمەن ١٤ ساڵان کە لە کۆت دیڤوارەوە بەرەو ئەو فڕۆکەخانەیە ڕۆیشتووە، پاشان بە مردوویی دۆزراوەتەوە کە بەهۆی ئەوەی خۆی بە تایەی فڕۆکەکەوە هەڵواسیوە لە سەرمادا ڕەقبووەتەوە و گیانی لەدەستداوە".

فڕۆکەکە لە جۆری بۆینگی ٧٧٧ بووە، کە سەر بە هێڵی ئاسمانی فەرەنسا بووە و پاش گەشتێکی ٦ کاتژمێر و نیوی گەیشتووەتە فڕۆکەخانەکە.

لەو بارەیەوە وەزارەتی گواستنەوەی کۆت دیڤوار ڕایانگەیاندووە، "دایک و باوکی مێردمنداڵەکە کە لە ناوچەی یۆبۆگۆنی ئابیدجان دادەنیشن، دڵنیاییان لەبارەی ناسنامەی مێردمنداڵەکە داوە بەوەی کوڕی خۆیانە".

ئەمەش لە کاتێکدایە، فڕۆکە مەدەنییەکان لە بەرزی نێوان ٩ هەزار بۆ ١٢ هەزار پێ لە زەوییەوە دەفڕن و لەو بەرزییەشدا پلەی گەرما لە خوار ٥٠ پلەی ژێر سفرەوەیە و تەنها چەند ساتێک بەسە بۆ ڕەقبوونەوە و بەستى خوێنی مرۆڤ.