بۆچی دەبێت لەگەڵ هاوسەرەکەت سەیری فلمە رۆمانسییەکان بکەیت؟

2019-12-15

12340 جار خوێندراوەتەوە

+ -

توێژینەوەیەکی ئەمەریکی نوێ ئاشکرایکردووە، ئەگەر هاوسەران لە ماوەی مانگێکدا پێنج فلمی رۆمانسی سەیربکەن، ئاستی جیابوونەوە بۆ نیو ئەوەندە کەمدەبێتەوە.

لە وردەکاریی توێژینەوەکەدا کە ماڵپەڕی لوبنان ٢٤ ئاماژەی پێکردووە و لە زانکۆی رۆچستەری ئەمەریکی ئەنجامدراوە دەریخستووە، ئەو فلمانەی باسی پەیوەندی خۆشەویستی و ژیانی هاوسەریی دەکات، دەکرێت بکرێت بە مەڵبەندی وەرگرتنی زانیاری لەبارەی شێوازی رەفتاری دروست، هاوژیانی هاوسەران بەیەکەوە، ئەمەش بەچاوپۆشی لەو کێشە و گرفت و نەهامەتییانەی لە ژیانیاندا هەیە.

هەروەها ئەم رێگەیە بە شێوازێکی زانستی دادەندرێت بۆ دروستکردنی گۆڕانکاریی بنچینەیی لە رەفتارەکانیاندا لە ناوەوە و دەرەوەی ماڵەکەیاندا.

رۆناڵد رۆج رێکخەری توێژینەوەکە دەڵێت، کات بەسەربردن لەگەڵ هاوبەشی ژیاندا لەکاتی سەیرکردنی فلمێك پەیوەندییەکی بەتین دروستدەکات لەنێوان ئەو ژن و پیاوەدا، هەروەها وادەکات زیاتر نزیكبن لەیەکەوە لە رووی دەروونی و سۆزدارییەوە، جگە لەوەش وادەکات بەدرێژایی کات زیاتر پەیوەستبن بەیەکەوە.

هەروەها توێژینەوەکە ئەوەی ئاشکراکردووە، سەیرکردنی فلمێکی رۆمانسی لێکتێگەیشتن و پەیوەندی نێوان ئەو دوو هاوسەرە زیاتر دەکات کە هەوڵدەدەن لاسایی کەسایەتییەکانی ناو فلمەکان بکەنەوە کە بەشێوەیەکی ئەرێنی رەفتار لەگەڵ یەکدا دەکەن، هەروەها وادەکات ئەو دوو هاوسەرە گفتوگۆ و وتوێژ بکەن لەبارەی فلمەکەوە ئەمەش وادەکات پەیوەندییان بەیەکەوە پتەوتر بێت.