لەكاتی تەمومژدا چۆن شۆفێری بکرێت باشە؟

2019-12-14

11032 جار خوێندراوەتەوە

+ -

كەشوهەوای تەمومژاوی ئاستی بینین كورتدەكاتەوە و ئەوەش مەترسیی بۆ شۆفێریكردن دروستدەكات، كۆمپانیای واگنەری ئەمریكی بۆ دڵنیایی و سەلامەتی چەند ئامۆژگارییەكی بۆ شۆفێران خستووەتەڕوو بۆ ئەوەی  پارێزراو بن لەهەر ڕووداوێكی هاتوچۆ.

 ئامۆژگارییەكانی ئەو كۆمپانیایە:

 یەكەم: داگیرساندنی گڵۆپی تەم، ئەوگڵۆپە جگە لەوەی وادەكات شۆفێر ڕێگاكە و شتەكانی دەوروبەری ڕوونتر ببینێت، یارمەتی شۆفێرانی دیكە و پیادەڕۆكانیش دەدات كە ئۆتۆمبێلەكە زووتر بەدیبكەن.

دووەم: كەمكردنەوەی خێرایی، شارەزایان ئامۆژگاری دەدەن بەوەی پێش چونە ناو تەمەكەوە خێرایی كەمبكرێتەوە، چونكە كەشی تەمومژاوی هەستێكی ناڕاستت دەداتێ سەبارەت بە خێرایی ئۆتۆمبێلەكەت.

سێیەم: گڵۆپە كەمڕووناكەكانی پێشەوە(نزمەكان) دابگیرسێنرێت، لەبەرئەوەی ڕووناكییە بەرزەكان وادەكات تیشكەكان پێچەوانە ببنەوە و ئەوەش بینین سەختتر دەكات.

چوارەم: هەڵكردنی گڵۆپی چواریی، ئەوەش وادەكات ئۆتۆمبێلەكە لەهەموو لایەكەوە باشتر ببینرێت.

پێنجەم: ڕانەگرتنی ئۆتۆمبێل لەكاتی پەككەوتندا لەسەر ڕێگاكان، چونكە ئەو جۆرە ڕاوەستانە لەڕۆژانی تەمومژدا ئەگەری ڕووداوی هاتوچۆ زیاد دەكات، كۆمپانیاكە ئامۆژگاری دەدات تەنانەت لەقەراغی ڕێگاكانیشدا ئۆتۆمبێل ڕانەگیرێت، چونكە  هەندێك شۆفێر تا دەگەنە نزیكەی چەند مەترێك  ئۆتۆمبێلەكە بەدیناكەن.

 شەشەم: گۆڕینی ئاڕاستە، تێپەڕاندن و گۆڕینی ئاڕاستە یەكێكە لەهۆكارەكانی دیكەی رووداوی هاتوچۆ بەتایبەت لە ڕۆژانی تەمدا، بۆیە ئامۆژگاری شۆفێران كراوە ئاڕاستە نەگۆڕن لەو كاتانەدا.

حەوتەم: كۆمپانیاكە ئامۆژگاری شۆفێران دەكات لەكاتی تەمومژدا قەراغی ڕێگاكە یان هێڵی سەر شەقامەكان وەك ڕێنیشاندەر بەكاربێنن بۆئەوەی شەقامەكەیان لێ ون نەبێت.

هەشتەم: سەركێشی نەكردن، كۆتا ئامۆژگاریی كۆمپانیای واغنەر بۆ دڵنیایی و سەلامەتی ئەوەیە، شۆفێران لەوجۆرە كەش و هەوایەدا دووربكەونەوە لە سەركێشیكردن، چونكە لە ڕۆژە تەماوییەكاندا ئەگەرەكانی ڕووداوی هاتوچۆ زیاد دەكات و شەقامەكان خلیسكدەبن.