ژنێک بە هەڵە بۆرییەکی ٣٠ سانتیمەتری قووتدەدات

2019-12-14

35458 جار خوێندراوەتەوە

+ -

چەند ساڵێکە لە وڵاتی چین خەڵکی دەستیان کردووە بە بەکارهێنانی بۆری تاکو خۆیان بڕشێننەوە و لە ئەنجامدا کێشیان کەم بکەنەوە.

بەپێی هەواڵێکی ماڵپەڕی تایمزناو نیوز، ژنێکی تەمەن ٢٢ ساڵ هەفتەی ڕابردوو لە نەخۆشخانەی گوانژۆی وڵاتی چین نەشتەرگەریی بۆ کراوە، ئەمەش دوای ئەوەی بە مەبەستی دابەزاندنی کێشی هەستاوە بە بەکارهێنانی بۆرییەک بۆ ڕشاندنەوەی خۆی، بەڵام بە هەڵە بۆرییەکە لەدەستی دەخزێت و تا گەدەی دەڕوات.

سەرەتا پزیشکەکان وایانزانیووە تەنیا قەسەبێکی ئاساییە کە قووتیداوە، بەڵام دوای پشکنین بۆیان دەرکەوتووە بۆرییەکە درێژییەکەی ٣٠ سانتیمەترە و پانییەکەشی ١.٩ سانتیمەترە، بۆیە پزیشکەکان ناچاربوون پرسیاری لێبکەن سەبارەت بە هۆکاری قووتدانی ئەم بۆرییە پلاستیکییە، ژنەکەش لە وەڵامدا ئاماژەی بەوەداوە، کە لە چەند ماڵپەڕێک لەسەر خۆڕشاندنەوە لەڕێی بۆرییەوە زانیاریی دەستکەوتووە و وایزانیووە کە تەندروستە، بۆیە بڕیاری داوە بە زۆر خۆی بڕشێنێتەوە تاکو کێشی کەمتر ببێتەوە.

پزیشکانی وڵاتی چین هۆشداری دەدەن لە بەکارهێنانی ئەم تەکنیکە بۆ دابەزاندنی کێش و دەڵێن، بەکارهێنانی بۆری دەکرێت زیانی گەورە لە ڕێڕەوی هەرس بدات و برینداری بکات.

ب.ع.