ئەو خواردنانەی کە دەبێت لە کاتی توشبوون بە ئەنفلوەنزادا بخورێن

2019-12-08

24956 جار خوێندراوەتەوە

+ -

لە وەرزی زستاندا، نەخۆشی ئەنفلەوەنزا بەڕاددەیەکی زۆر بەربڵاودەبێت و ئەگەری توشبوون بەم نەخۆشییە زۆرە، بۆیە گرنگە بزانن باشترین خواردنەکان چین کە یارمەتیتان دەدەن تا زووتر چاكببنەوە.

بۆ ئەو مەبەستە گۆڤاری "فرۆیندین"ی ئەڵمانی ئاماژەی بە گرنگترین پێنج خۆراك کردووە کە دەبێت لەکاتی توشبوون بە ئەنفلەوەنزا بیخۆن، بەم جۆرە:

زۆر خواردنەوەی ئاو:

دەبێت بڕێکی زۆر ئاو بخورێتەوە چونکە ئاو رێگە لە وشكبوونەوەی جەستە دەگرێت، بەتایبەت بۆ ئەو کەسانەی کە تایەکی زۆریان هەیە و ئارەق دەکەنەوە.

سوپی مریشك:

سوپی مریشك یەکێکە لە باشترین خۆراکەکان لەکاتی توشبوون بە ئەنفلەوەنزا، چونکە هەموو ئەو ماددە خۆراکییانەی تێدایە کە جەستە پێویستی پێیەتی، هەروەها سوپی سەوزەوات کە برێكی گونجاو خوێی تێدابێت، بڕی پێویستی سۆدیۆم بۆ جەستە دابین دەکات و لە وشكبوونەوە دەیپارێزێت.

زەنجەبیل:

زەنجەبیل بە خواردنەوەیەکی گونجاو دادەنرێت بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەنفلەوەنزا، چونکە کاریگەریی دژەئۆکسید و دژە بەکتریای هەیە.

گۆشتی مانگا:

گۆشتی مانگا یەکێکە لە خواردنە دەوڵەمەندەکان بە ماددەی زینك، کە سیستمی بەرگری بەهێزدەکات دژ بە نەخۆشییەکان، هەروەها پێویستی جەستە بۆ پرۆتین و ڤیتامین B دابین دەکات.

میوە و سەوزە:

کاتێك جەستە توشی ئەنفلەوەنزا دەبێت پێویستی بەوەیە بڕی پێویستی دژە ئۆکسید وەربگرێت، ئەمەش رۆڵێکی گرنگی دەبێت بۆ بەهێزکردنی سیستمی بەرگریی، بۆ ئەمەش باشتروایە میوە و سەوزە بەبڕێکی زیاتر بخورێت.