هۆکار و چارەسەرەکانی خەمۆکی دوای منداڵبوون چین؟

2019-12-05

24537 جار خوێندراوەتەوە

+ -

لەگەڵ ئەوەی زۆربەی دایكەكان بە هاتنە دنیای كۆرپەلەكەیان دڵخۆش دەبن، بەڵام هەندێكیان لەدوای پرۆسەی مناڵبوونەوە توشی خەمۆكی دەبن، ئەو حاڵەتەش بە خەمۆكی پاش مناڵبوون ناسراوە.

پزیشكەكان لەبارەی خەمۆكی پاش مناڵبوونەوە ڕێنمایی دەدەنە دایكان و دەڵێن "هەندێك لە دایكان لەپاش پرۆسەی مناڵبوونەوە لەبری دڵخۆشبوون تووشی دڵتەنگی و خەمۆكی دەبن، ئەوەش بەهۆی كەمبوونەوەی هۆڕمۆنی ئیسترۆجینە لە لەشی دایكەكەدا و بە تێپەڕبوونی كاتیش  بارودۆخی ئاسایی دەبێتەوە".

پرۆفیسۆر كریستیان ئەلبرینگ پسپۆرێكی نەخۆشییەكانی ژنانە و لە سەنتەری لێكۆڵینەوەكانی ئەڵمانیا كاردەكات لەبارەی خەمۆكی پاش مناڵبوونەوە دەڵێت "هۆكاری سەرەكی توشبوونی هەندێك لە دایكەكان بە خەمۆكی پاش مناڵبوون دەگەڕێتەوە بۆ كەمبوونەوەی خێرای هۆڕمۆنی ئیسترۆجین لە لەشدا، ئەوەش دەبێتە هۆی دڵەراوكێ و خەمۆكی لای دایكەكە".

 ئەو پسپۆرەی نەخۆشییەكانی ژنان ئامۆژگاری ئەوە دەكات، ئەو دایكانەی تووشی ئەو حاڵەتە دەبن نابێت بەتەنها جێبهێڵدرێن، پێویستە لەلایەن كەسوكارەوە و بەتایبەت هاوسەرەكەیەوە هەوڵی دڵخۆشكردنی دایكەكە بدرێت، بەوەش دوای تێپەڕبوونی چەند هەفتەیەك بارودۆخی دایكەكە ئاساییی دەبێتەوە و هۆڕمۆنی ئیسترۆجینیش لە لەشیدا هاوسەنگ دەبێتەوە.

ئەلبرینگ ئاماژەی بەوەكردووە، هەندێكجار خەمۆكییەكە پەیوەندیی بەو ترس و دڵەڕاوكێ زیاد لە پێویستەی پێش پرۆسەی مناڵبوون لەلای دایكەكە دروست دەبێت.

Related image