کرێمی دژەخۆر چی بەسەر کچێک هێناوە؟

2019-11-21

24887 جار خوێندراوەتەوە

+ -

زۆر کەس بەمەبەستی پاراستنی پێست لە زیانەکانی تیشکی خۆر، لە کاتی چوونەدەرەوە یان چوونە سەر کەناری دەریاکاندا، کرێمی دژەخۆر بەکاردەهێنن، بەڵام بەهۆی ئەو ڕووداوەی بەسەر کچێکی چینیدا هاتووە ئەو کرێمانەش زیانیان هەیە.

کچێکی چینی لە ناوچەی چنگیان لە ڕۆژهەڵاتی چین بەهۆی کرێمی دژە خۆرەوە توشی کۆکەیەکی توندبووە، بەپەلە گەیەنراوەتە نەخۆشخانە.

ئەو کچە تەمەن ٢٠ ساڵە کە لەژێر ناوی شیاو هەواڵەکەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوبووەتەوە ئاشکرایکردووە، قوماشی بەکارهێناوە بۆ شیداربوونی ژوورەکەی و نزمبوونەوەی پلەی گەرمی لەشی لەکاتی خەوتندا.

سەرەتا پزیشکان پێیان ڕاگەیاندووە کە توشی رەبووە بووە، بەڵام کۆکەکەی بەردەوام و توندتربووەتەوە، دوای جەند ڕۆژێک لە خراپتر بوونی باری تەندروستیی و بوونی ئازارێکی توند لە بەشی راستی سنگیدا، دوای پشکنینی ورد دەرکەوتووە بەشێک لە ئێسکەکانی قەفەسەی سنگی شکاون.

ماڵپەڕی ئۆدیتی سەنتراڵ نوسیوویەتی، کچەکە ڤیتامین دی کەمبووە و لەگەڵ ئەوەشدا ئاستی کالسیۆم وفۆسفۆڕ لە خوێنیدا زۆر کەمبووە، کچەکە بە پزیشکەکانی وتووە کە بە درێژایی ساڵ کرێمی دژە خۆری "ئێس بی ئێفی ٥٠"ی بەکارهێناوە، بۆئەوەی پێستی ئەسمەرنەبێت، زۆربەی کاتەکانی ڕۆژی لە ماڵدا ماوەتەوە.

پزیشکەکان بە ڕۆژنامەنووسانیان وتووە، شیاو بەهۆی ئەوەی ڕۆژانە کەرەستەکانی جوانکاری بەکارهێناوە، هۆکاربووە بۆ شکانی ١٠ ئێسکی قەفەسەی سنگی.

ئاماژەیان بەوەکردووە، ئەو کەسانەی کە لەو تەمەنەدان، پێویستە بڕی ڤیتامین دی لە لەشیاندا بەرزبێت و لە ڕێگەی تیشکی خۆرەوە وەریبگرن، کە هەفتەی سێجار و هەر جارەی ٢٠ خولەک تیشکی خۆریان بەربکەوێت، بەڵام بەهۆی بوونی کرێمی دژە خۆر بە پێستی شیاوەوە جەستەی ڤیتامینی دی وەرنەگرتووە، چونکە ڕێگربووە لە مژینی ئەو ڤیتامینە بۆ جەستە.

ئ.ل