گەنجێکی کورد خەڵاتێکی لە کۆمپانیای گوگڵەوە بەدەست گەیشت

2019-11-21

20547 جار خوێندراوەتەوە

+ -

بۆکان حەسەن، گەنجێکی کوردە و لەپێناو هەوڵەکانیدا بۆ زیادکردنی زمانی کوردی بۆ وەرگێڕانی گوگڵ خەڵاتێکی لە کۆمپانیاکەوە بەدەست گەشت.

بۆکان بە دیجیتاڵ میدیای NRT2ی ڕاگەیاند، کە پێشتر لە مانگی ئایاردا لە لایەن تیمی پەرەپێدەری کۆمپانیای گووگڵ لە ئەمریکا، لەڕێگەی ئەپی هانگ ئاوتی گوگڵەوە بانگهێشتی چاوپێکەوتن کراوە و دواتر لە نوسینگەی گووگڵ لە هیندستان.

بۆکان دەڵێت، "وەک کوردێک داوام لێکردن و پێم ڕاگەیاندن کە چەندین ساڵە میللەتی کورد بێبەشن لە زمانی کوردی ناوەندی (لە وەرگێڕانی گوگڵدا) بۆیە هیوادارین دایبنێن چونکە بە ملیۆنان خوێندکار و کەس سودی لێ دەبینن."

Image result for google translate kurdish

بۆکان ئاماژەی بەوەشکرد، کە کۆمپانیاکە پەیمانیاندا کاری شێلگیرانە بکەن بۆ زمانی کوردی، وە لە ٣١ی ئایاری ٢٠١٩دا هەستان بە چەسپاندنی زمانی کوردی لە بەرنامەی "CrowdSource"دا کە بەرنامەی تایبەتی گوگڵە و خەڵکی وڵاتانی دیکە لەڕێیەوە پەرە بە زمانەکانی خۆیان دەدەن.

سەبارەت بە کاتی بەردەستبوونی خزمەتگوزارییەکەش بە زمانی کوردی بۆکان وتی، "گوگڵ پەیمانی داوە کە بە زووترین کات بەردەستی بکات، بەڵام کەی؟ نازانم."

پاشان کۆمپانیاکە نامەی سوپاسگوزارییان بۆ بۆکان کاردووە و لەم چەند ڕۆژەی ڕابردووشدا چەند خەڵاتێکی پێگەشتووە لە نوسینگەی مالیزیای گوگڵەوە، کە پێکهاتبوون لە جلوبەرگی گوگڵ و چەند کەلوپەلێکی گوگڵ و سوپاسگوزارییەک.

بۆکان لەدایکبووی ساڵی ١٩٩١ی شاری هەڵەبجەی شەهیدە و لە ساڵی ٢٠١٤دا زمانی ئینگلیزی لە زانکۆی سلێمانی تەواوکردووە.

نزیکی دە ساڵە بە خۆبەخشی و بە بێ یارمەتی هیچ ڕێکخراو و لایەنێک، لەڕێی کۆمەڵگەی گوگڵەوە سەرقاڵی پەرەپێدانی زمانی کوردییە و ڕۆڵێکی کاریگەری هەبووە لە چەسپاندنی زمانی کوردی لە وێبگەڕی سەرەکی گوگڵدا.

ب.ع.