ڤیدیۆی باوکێك کە بە شێوازێکی توندوتیژانە لە منداڵەکەی دەدات تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی هەژاندووە

2019-11-19

50217 جار خوێندراوەتەوە

+ -

بەگوێرەی گرتەیەکی ڤیدیۆیی، باوکێك دوای ئەوەی منداڵەکەی لە قوتابخانە دێتە دەرەوە، بە خراپی لێیدەدات و رەفتاری توندوتیژی لەگەڵدا دەکات، ئەمەش بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی نیگەرانکردووە.

لە ڤیدیۆکەدا، کە ماڵپەڕی ئەلوەتەن ڤۆیس بڵاویکردووەتەوە و لە سعودییە تۆمارکراوە، دەردەکەوێت، ئەو پیاوە بە توندی لە منداڵەکەی دەدات، ئینجا دەرگای ئۆتۆمبێلەکەی دەکاتەوە و هەڵیدەداتە ناوەوە و خۆیشی دەچێتە ئۆتۆمبێلەکەوە و دەڕوات.

سەرچاوەکان ئاشکرایانکردووە، ئەو کەسەی کە لەگەڵ منداڵەکەدا دەرکەوتووە باوکییەتی، بەڵام هیچ زانیارییەکی دیکە لەبارەی دەستبەسەرکردن یان لێکۆڵینەوە لەو رووداوە نەکراوە.

بڵاوبوونەوەی ئەم ڤیدیۆیە بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی نیگەران کردووە، هەر لە ماوەی رابردوودا گرتە ڤیدیۆی باوکێك بڵاوبوویەوە کە بە توندی لە منداڵەکەی دەدات، کە تەمەنی کەمتر لە ساڵێکە و، دوابەدوای بڵاوبوونەوەی ڤیدیۆکەش پۆلیس لێکۆڵینەوەی لە رووداوەکە کرد و سزای باوکەکەی دا.

ژ.ن