ریکلامێكی دژ بە جگەرەکێشان کەسانێکی زۆری تووشی ترس کردووە

2019-11-19

38814 جار خوێندراوەتەوە

+ -

ڤ پزیشکێکی بواری نەشتەرگەری چینی ڤیدیۆیەکی سەرسوڕهێنەری بڵاوکردووەتەوە، کە بەباشترین ریکلامی دژ بە جگەرەکێشان ناوبراوە، بۆ هاندانی کەمکردنەوە و وازهێنان لە جگەرەکێشان.

لە هەواڵێکدا ماڵپەڕی روسیا تودەی ئاماژەی بەوەکردووە، چن جینگیۆ، پزیشکی سەرپەرشتیاری نەشتەرگەری لە گروپی چاندنەوەی ئەندامەکان لە نەخۆشخانەی " Wuxi " لەناوچەی جیانگسو وتی، "ئەم نەخۆشە پاش ٣٠ ساڵ لە جگەرەکێشان گیانی لەدەستداوە، ویستویەتی پاش مردنی ئەندامەکانی ببەخشێت، بەڵام پزیشکان دوای ئەوەی سییەکانیان دەرهێنا بینییان کە گونجاو نین بۆ ئەوەی لە جەستەی نەخۆشی دیکەدا بچێندرێنەوە".

وەك لە ڤیدیۆکەدا دەردەکەوێت، نیشانەکانی بە کلسبوون، داخرانی سییەکان و ئاوسانی ئەو ئەندامە بە سییەکانەوە دیارە.

جینگیو وتی: "زۆرێك لە جگەرەکێشەکانی ئەم وڵاتە سییەکانیان بەم جۆرەیە، گروپەکەمان بڕیاریداوە کە ئەم سییانە بۆ هیچ نەخۆشێك نەچێنێتەوە".

ئەم ڤیدیۆیە پاش بڵاوبوونەوەی بە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا کاردانەوەیەکی زۆری بەدوادا هات و بووە مایەی ترس بۆ جگەرەکێشان و بە باشترین ریکلامی دژ بە جگەرەکێشان ناوبرا و زیاتر لە ٢٥ ملیۆن جار شەیر کرایەوە.

ژ.ن