​٢٣٥ ساڵ بەسەر بونیادنانی شاری سلێمانیدا تێدەپەڕێت

2019-11-14

2773 جار خوێندراوەتەوە

+ -

ئەمڕۆ ١٤ی تشرینی دووەمی ٢٠١٩،  ٢٣٥ ساڵ بەسەر بونیادنانی شاری سلێمانی لەسەر دەستی ئیبراهیم پاشای بابان تێدەپەڕێت.

شاری سلێمانی لەسەر دەستی ئیبراھیم پاشای بابان لە ١٤ ی تشرینی دووەمی ساڵی ١٧٨٤دا دامەزراوە لەو کاتەوەی پایتەختی میرنشینەکەی لە قەڵاچوالانەوە گواستووەتەوە بۆ سلێمانی، شارەکەی بە ناوی باوکییەوە، سلێمان پاشا، ناوناوە.

بەر لەوەی بنەماڵەی بابانییەكان بیر لە دروستكردنی شاری سلێمانی بكەنەوە ئیمارەتەكەیان لە ناوچەی قەڵاچوالان بوو، بەڵام بەو هۆیەی لە سەردەمی فەرمانڕەوایی باباندا ململانێ و توندوتیژیی لە نێوان فارسەكان و عوسمانییەكاندا هەبوو شوێنی جوگرافیای قەڵاچوالان لەبەر نزیكی لە سنووری ئێرانەوە، وایکردبوو نزیک بێت لە پێكدادانی نێوان لەشكری فارس و عوسمانییەكان، کێشمەکێشی ناوخۆیش لە نێو بنەماڵەی بابانییەکان و ئیمارەتە کوردییەکاندا بۆ کورسی و دەسەڵات ئەوەندەی دیکە مەترسی لەسەر ناوچەکە دروست کردبوو ئەوە جگە لەوەی کە گەورەبوونی ئیمارەتەکە پێویستی بە ڕووبەرێکی بەرفراوانتر بوو.

هەر بۆیە مەحمود پاشای بابان ساڵی ١٧٨١ بیری لەوەكردەوە ناوەندی بەڕێوەبردنی سیاسی لە قەڵاچوالانەوە بگوێزێتەوە بۆ شوێنێكی تر کە ئەویش سلێمانیە و لە گوندی مەڵکەندییەوە دەستکرا بە بونیادنانی شارەکە.

دواتر ئیبراهیم پاشای بابان ساڵی ١٧٨٣ فەرمانڕەوایی ئیمارەتەكەی گرتە ئەستۆ و دەستیكرد،  بە دروستكردنی شارەکە و لە ساڵی ١٧٨٤ دا  کۆتاییهات، ئەم شارە جگەلەوەی بووە پایتەختی میرنشینی بابان مەڵبەندێكی بازرگانی و ڕۆشنبیری گرنگ بوو لە ناوچەكەدا.

پاش ڕووخانی میرنشینی بابان لەساڵی ١٨٥١ وە لەناوچوونی دەوڵەتی عوسمانی لە جەنگی جیھانی یەکەم، شاری سلێمانی خراوەتە سەر کۆماری ئێراقی ئەمڕۆ، لە ساڵی ١٩٢٢ تا ١٩٢٤ شاری سلێمانی پایتەختی دەوڵەتەکەی مەلیک مەحموود بووە.

ئەم شارە جگە لەوەی لانکەی ڕۆشنبیر و تێکۆشەران بووە، مەڵبەندی ھەڵگیرسانی چەندان شۆڕش و ڕاپەڕینیش بووە لە مێژووی کوردستاندا.

لەپاش راپەڕینی ساڵی ١٩٩١ەوە و بەرفراوانبووە، زانکۆیەکی گەورەی ھەیە کە بە زانکۆی سلێمانی ناسراوە و چەندین ناوەندی رۆشنبینیری و هونەری و پەروەردەیی گەورە و گرنگی تێدایە.

ئەم شارە لە ڕێڕەوی دامەزراندن و پەرەسەندن و پێدا چەسپاندنی خۆیدا لە کۆڕی شارستانێتی و پێشڕەویدا کۆمەڵێکی زۆر لە نووسەر و شاعیری باشی بۆ مێژوو ھێشتۆتەوە، لەوانە (نالی، مەحوی، پیرەمێرد، گۆران، مەولانا خالیدی نەقشبەندی، سالم، کوردی، ئەمین زەکی بەگ، فایەق بێکەس، زێوەر، تۆفیق وەھبی، وەلی دێوانە، کاک ئەحمەدی شێخ.. ھتد) و سەدان نووسەر و شاعیری تریش.

ماوەیەک لەمەوبەریش، لەلایەن ڕێکخراوی یونسکۆی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان، شاری سلێمانی بە یەکێک لە شارە داهێنەرەکان، لە بواری بەرهەمهێنانی ئەدەب و کەلتوردا، ناساند.

ماوەیەک لەمەوبەریش، لەلایەن ڕێکخراوی یونسکۆی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان، شاری سلێمانی بە یەکێک لە شارە داهێنەرەکان، لە بواری بەرهەمهێنانی ئەدەب و کەلتوردا، ناساند.

شاری سلێمانی دەکەوێتە باشووری ڕۆژئاوای کیشوەری ئاسیا و ڕۆژھەڵاتی کوردستانی باشوورەوە، سلێمانی لە باکووری ڕۆژھەڵاتەوە بە زنجیرە شاخی ئەزمڕ (١٧٠٠م)، گۆیژە (١٥٢٥م) و قەیوان دەورە دراوە، لە باشووریشەوە بە چیای بەرانان (١٣٧٣م) و لە ڕۆژھەڵاتیشەوە دەشتی شارەزوور دەستپێدەکات کە درێژییەکەی ٤٥کم و پانییەکەی ١٥کم دەبێت، لە ڕۆژئاواشەوە شاخی تاسڵوجە گەمارۆی داوە.

سلێمانی ٨٥٣م لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە و ئاوو ھەواکەی بە دەریای ناوەڕاستەوە کاریگەرە و لە زستاندا سارد و باراناوییە و ھاوینیشی وشک و گەرم و بێبارانە، جیاوازییەکی زۆریش لە نێوان پلەکانی گەرمای شەو ڕۆژ و وەرزەکانی ساڵیدا بەدی دەکرێت.