مەترسییەکانی بەخێوکردنى ئاژەڵ لەسەر دایکانى دووگیان

2019-11-03

3653 جار خوێندراوەتەوە

+ -

توێژینەوەیەکى پزیشکیى نوێ دەریخستووە، ئەو ژنانەى دووگیانن و ئاژەڵى ماڵى ڕادەگرن، مەترسیى ئەوەیان لەسەرە کۆرپەکەیان تووشى تەنگەنەفەسى و هەستیاری و چەند نەخۆشییەکى دیکە ببێت.

هونگ سوجونگ پزیشکێکى کۆریاى باشورە و توێژینەوەیەکى لەسەر ٥٥٤  منداڵ ئەنجامداوە، بەپێى توێژینەوەکە زۆربەى ئەو منداڵانەى کە نەخۆشیى تەنگەنەفەسى، واتە ''ڕەبۆ'' و هەستیارى ''حەساسیەت''یان هەیە، لەکاتی دووگیانبوونى دایکیان بەو منداڵانە، ئەو خێزانانە ئاژەڵی وەک پشیلە و سەگیان لە ماڵەکانیاندا هەبووە.

ئەو توێژینەوەیە کە لە پەیمانگاى ''ئاسان'' لە سیئۆلى پایتەختى کۆریاى باشور ئەنجامدراوە، هۆشدارى دەداتە دایکانى دووگیان کە لە ماوەى سکپڕیدا بە هیچ جۆرێک ئاژەڵ لە ماڵەکانیاندا بەخێونەکەن، چونکە بەپێى تویژینەوەکە بوونى ئاژەڵ لەناو ماڵدا دەبێتە هۆى توشبوونى کۆرپەلە بە نەخۆشییەکانى ڕەبۆ و هەستیارى و چەند گرفتێکى دیکەى تەندروستى.

بەپێى توێژینەوەکە، ئەو منداڵانەى کە لەکاتى سکپڕی دایکیاندا ئاژەڵ لە ماڵەکانیاندا هەیە، ٥ بۆ ٦ ئەوەندەى منداڵانى دیکە ئەگەرى توشبوونیان بە نەخۆشییەکانى تەنگەنەفەسى و هەستیارى زیاترە.

ئەو پزیشکە ئەوەشى ڕوونکردووەتەوە کە لە ماوەى سکپڕی دایکەکە و هەتاکو تەمەنى ٣ ساڵى منداڵ، کۆئەندامى بەرگریى لە گەشەکردندایە و ئەگەرى تووشبوون بە نەخۆشیی زیاترە، بۆیە ئامۆژگاریى ئەوە دەکات لەو ماوەیەدا منداڵ نزیکى ئاژەڵەکان نەخرێتەوە.

ژ.ن