پیاوێك بەهۆی ئەوەی گازی لە پۆلیسێك گرتووە سێ ساڵ زیندانی کرا

2019-10-21

2321 جار خوێندراوەتەوە

+ -

دادگای شاری فۆتکینسك لە کۆماری ئۆدمورتیای روسیا فەرمانی دەرکرد بە زیندانیکردنی پیاوێك بۆ ماوەی سێ ساڵ، بەهۆی ئەوەی تووشبووی ئایدزە و گازی لە ئەفسەرێکی پۆلیس گرتووە.

ئاژانسی ئینتەرفاکسی روسی لە هەواڵێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، ئۆفیسی میدیای لیژنەی لێکۆڵینەوە لەو ناوچەیەدا ئەم بڕیارەی لە رێگەی راگەیەندراوێکەوە راگەیاندووە.

لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، ئەم رووداوە لە کانوونی دووەمی ئەمساڵدا روویداوە کاتێك ئەفسەرێکی پۆلیس پیاوێکی مەستی راگرتووە و ئاگاداری کردووەتەوە لەوەی رەفتاری نائەخلاقی نەکات، بەڵام ئەو پیاوە لە وەڵامدا گازی لە ئەفسەرەکە گرتووە.

دواتر دەرکەوتووە کە ئەو پیاوە تووشی ئایدز بووە، کە نەخۆشییەکی لاوازبوونی سیستمی بەرگرییە و لە رێگەی خوێنەوە دەگوازرێتەوە.

دوای ئەم رووداوەش لیژنەی لێکۆڵینەوە سکاڵایەکی دژ بەو پیاوە تۆمارکردووە بە تۆمەتی ئەوەی توندوتیژیی ئەنجامداوە و کەسێکی خستووەتە مەترسییەوە، بەهۆی ئەوەشەوە تووشی نەخۆشیی ئایدز بووە، دادگاش بڕیاریداوە سێ ساڵ زیندانیی بکات.

ژ.ن