فینلەندا.. حکومەت پارە دەداتە دانیشتووانی گوندێک بۆئەوەی منداڵ بخەنەوە

2019-10-21

3655 جار خوێندراوەتەوە

+ -

لەپێناو چارەسەرکردنی کێشەی کەمیی دانیشتوواندا، لە گوندێکی فینلەندا، شارەوانی بڕیاریدا بە پێدانی ١٠ ھەزار یۆرۆ بۆ ھەر خێزانێک منداڵ بخاتەوە.

لە گوندی لاستی یارڤیۆن، کە گوندێکی بچووکە و دەکەوێتە سەر سنووری فینلەندا، شارەوانی ئەو ناوچەیە ھەنگاوێکی ناوە و، بڕیاریدا بە پێدانی بڕی ١٠ ھەزار یۆرۆ "پاش ١٠ ساڵ" بە ھەر خێزانێک لەو گوندە، کە منداڵ بخەنەوە.

بەڵام ئەگەر لەو ماوەیەدا خێزانەکە ئەو ناوچەیە جێبھێڵن، ئەوا پارەکەیان پێنادرێت، تەنانەت ئەگەر بە شێوەیەکی کاتییش بێت و دواتر بگەڕێنەوە، ئەمەش لەپێناو ئەوەدایە کە خێزانەکان لەو گوندە جێگیربن و کێشەی کەمیی دانیشتووان چارەسەربکرێت.

ئەمەش پاش ئەوە دێت کە بە درێژایی ساڵی ٢٠١٢ تەنھا یەک منداڵ لەو گوندە لەدایکبووە، لەوبارەیەوە پاولا جۆکێلا کە مامۆستای قوتابخانەی گوندەکەیە، باس لەوە دەکات، "ئەوە جێگای سەرسوڕمان بوو، چونکە چیتر گوندەکە پێویستی بە قوتابخانە نەبوو، بۆیە پێویستی دەکرد بەخەبەربێین و چارەیەک بدۆزینەوە،" ھەر لەبەر ئەوەش شارەوانی ئەو بڕیارەی دەرکرد.

لەگەڵ ئەوەشدا پاش نزیکی ٧ ساڵ، تەنھا ٦٠ خێزان سوودمەند بوون لەو بڕە پارەیە، ھەروەھا لە دوای ساڵی ٢٠١٠وە، ژمارەی دانیشتووانی ئەو گوندە بەردەوام ڕوو لە کەمییە.