​دوو کەسایەتیی کورد داوادەکەن لەسەر ئەرکی خۆیان منداڵە بریندارەکەی ڕۆژئاوا ببەنە بەریتانیا

2019-10-21

46351 جار خوێندراوەتەوە

+ -

سەرخێڵ ڕەزا کە پزیشکێکی کوردە لە لەندەن، لەگەڵ بەختیار مام شێخ ئەندامی شارەوانیی شاهانەی کینسنگتن و چێڵسی، ئامادەییان دەربڕیوە لەسەر ئەرک و خەرجیی خۆیان، ئەو منداڵەی، کە بەهۆی بۆردومانەکانی تورکیاوە لە سەرێکانی جەستەی سووتاوە، ببەنە دەرەوە و لە بەریتانیا پشکنین و چارەسەری بۆ بکرێت.

لە لێدوانێکدا بۆ دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی سەرخێڵ ڕەزا ئاماژەی بەوە کردووە، لەگەڵ بەختیار مام شێخ ئەندامی شارەوانیی شاهانەی کینسنگتن و چێڵسی، جێگری سەرۆکی ئۆپۆزسیونی لەندەن، بە ئەرکی سەرشانی خۆیانی دەزانن وەک کوردێک بە هانای منداڵانانی کوردەوە بچن، دەیانەوێت لەسەر ئەرک و خەرجیی خۆیان محەمەد ببەنە بەریتانیا و لە نەخۆشخانەیەکی ئەو وڵاتە پشکنینی بۆ بکەن و چارەسەر بکرێت.

ئەو پزیشکە دەڵێت، "چارەسەرکردنی ئەم منداڵە کوردە لە دەرەوە، مەزڵومیەتی خەڵکی کوردستان و ڕۆژئاوا بەتایبەتی نیشاندەدات، بۆئەوەی هەموو جیهان ئەوە بزانێت چەکی قەدەغەکراو لە سەدەی ٢١دا لە ڕۆژئاوا بەکارهاتووە."

سەرخێڵ ڕەزا پێیوایە پێویستە ئەو منداڵە لە باشترین سەنتەر و نەخۆشخانە چارەسەربکرێت و لەو ئازارە رزگاری ببێت، جگە لەوەش پشکنینی جدیی بۆ بکرێت بۆئەوەی ببێتە بەڵگەیەکی فەرمی بۆ جیهان، کە چ چەکێک بەرامبەر کورد بەکارهێنراوە.

بەختیار مام شێخ ئەندامی شارەوانیی شاهانەی کینسنگتن و چێڵسی و دکتۆر سەخێڵ ڕەزا ئەندامی زانكۆی شاهانەی بەریتانیا، داواکارییان ئەوەیە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاسانکاریی  بۆ بکات بۆئەوەی کارە ئیدارییەکانی بۆ بکرێت.

محەمەد حەمید منداڵێکی تەمەن ١٣ ساڵانە، خەڵکی ڕۆژئاوای کوردستانە، یەکێکە لەو دەیان ژن و منداڵەی کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بەهۆی هێرشەکانی تورکیاوە بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان برینداربوون، محەمەد بەهۆی بۆردومانەکانەوە لە سەرێکانی جەستەی سووتا، وێنەکەی بە شێوەیەکی بەرفراوان بە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوبووەتەوە وەک بەڵگەیەک بۆ بەکارهێنانی چەکی قەدەغەکراو لە جەنگدا.

سەرخێڵ رەزا خەڵکی شاری سلێمانییە، کۆلێژی پزیشکیی لە سلێمانی تەواو کردووە، زیاتر لە ١٥ ساڵە لە لەندەن دەژی، پزيشكی پسپۆڕە له بواری ئێسک و شکاوی، ئەندامی زانكۆی شاهانەی بەریتانیایە، هاوەڵی زانكۆی شاهانەی بەریتانیایە، ئەندامی كۆمەڵەی جومگە گۆڕین بە كۆمپیوتەرە لە بەریتانیا، ماجستێری لە بواری توێژینەوەی زانستی ئێسك هەیە، لە تشرینی یەکەمی ٢٠١٧ وەک باشترین پزیشكی ساڵ لە لەندەن دیاریکرا.

ژ.ن