کچێک بۆ ماوەی شەش مانگ بە قژی دەستکردەوە نوستووە

2019-10-17

33728 جار خوێندراوەتەوە

+ -

کچیکی ئەمریکی لە شاری نیویۆرک بۆ ماوەی شەش مانگ قژی دەستکردی بەکارهێناوە و تەنانەت پێشیەوە خەوتووە، بۆئەوەی خۆشەویستەکەی پێی نەزانێت کەچەڵە.

لە بابەتێکی ماڵپەڕی ڕوسیا تودەیدا هاتووە، ئابی ئەندرۆی تەمەن ٢٤ ساڵ کاتێک تەمەنی دوو ساڵ بووە تووشی نەخۆشیی دەردە ڕێوی بووە، لەگەڵ گەورەبوونی تەمەنیدا ماوەی نەمانی تاڵەکانی قژی زیادیکردووە، هەر ئەمەش وایلێکردووە شەرم بکات و نەچێتە دەرەوە، ناچار بۆ دەرچوونەکانی قژی دەستکرد "باڕۆکە"ی بەکارهێناوە.

ئەو كچە ئاماژەی بەوە کردووە، نەچووەتە نادییەکانی شەوانە و مەلەوانگەکانەوە بۆئەوەی باڕۆکەکەی سەری نەکەوێتە خوارەوە، چونکە ترسی ئەوەی هەبووە کەسێک بە کەچەڵییەکەی بزانێت، بۆ ماوەی شەش مانگیش ئەو نهێنییەی لە خۆشەویستەکەی شاردبوەوە.

دواتر بڕیاردەدات نهێنییەکەی ئاشکرابکات، نەک تەنها بۆ خۆشەویستەکەی بەڵکو بۆ هەموو کەسە نزیکەکان و هاوڕێکانی، وێنەیەکی خۆی بەبێ باڕۆکە لە هەژماری فەیسبووکەکەی بڵاودەکاتەوە، ئاشکرایدەکات کە تووشی دەردە ڕێوی بووە.

ئابی ئاماژەی بەوەش کردووە، لە دوای زانینی نهێنییەکەی، خۆشەویستەکەی لێی جیانەبووەتەوە، هەمووان زیاتر لە جاران گرنگی پێ دەدەن، هەروەک نوسیوویەتی، "ژیان زۆر کورتە، پێویست ناکات مرۆڤەکان بە لەدەستدانی قژیان تووشی خەمۆکی و دڵەڕاوکێ ببن."

لەدوای ئەو ڕووداوەوە ئابی هاوکاری و پاڵپشتیی ئەو کەسانە دەکات کە وەکو ئەو بەدەست ئەو جۆرە نەخۆشییەوە دەناڵێنن، هەژماری خۆی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بۆ ئەو مەبەستە تەرخانکردووە.

ئ.ل