کڕێشی سەر دەکرێت ئاماژە بێت بۆ نەخۆشییەکی مەترسیدار

2019-10-13

38579 جار خوێندراوەتەوە

+ -

توێژینەوەیەکی نوێ ئاشکرایکردووە، کڕێشی سەر دەکرێت پەیوەندیدار بێت بە نەخۆشییەکی هەناوی درێژخایەنەوە.

لە بابەتێکدا ماڵپەڕی روسیا تودەی ئاماژەی بەوەکردووە، کڕێش بەهۆی هەندێك پێکهاتەی کەڕووییەوە دروستدەبێت کە لە پێستی چەوردا هەن، توێژەران بۆیان دەرکەوتووە، ئەو جۆرە کەڕووانەی کە لە تاڵەکانی قژدا هەن لە ناو هەناویشدا دروستدەبن.

ئەم کەرووانە بۆ زۆرکەس مەترسیدار نین و کێشەی تەندروستیی دروست ناکەن، بەڵام لەلای هەندێك کەس کە پێكهاتەیەکی جینی دیاریکراویان هەیە، دەبێتە هۆی هەوکردنی هەناو " IBD" و تێكچوونی تەندروستی ئەندامەکانی هەناو.

لەو بارەیەوە دکتۆر دایڤید ئەندەرهێڵ، یەکێک لە توێژەرانی توێژینەوەکە لە نەخۆشخانەی " Cedars-Sinai" لە لۆس ئەنجلس وتی: بینیمان ئەم جۆرە کەڕووانە هەن لەسەر شانەکانی ئەو نەخۆشانەی کە نەخۆشی (کرۆن)یان هەیە کە جۆرێك نەخۆشی هەناوە، لەگەڵ ئەوەشدا کۆمەڵێك گۆڕانکاری لە جیناتێکی ئەو نەخۆشانەدا ڕوویداوە کە پەیوەندی بە بەرگرییکردن دژ بە کەڕووەکانەوە هەیە.

نەخۆشی هەوکردنی هەناو " IBD" پەیوەندی هەیە بە کۆمەڵێك وەڵامدانەوەی بەرگری میکرۆبۆمیی هەناوییەوە.

هەر لەو بارەیەوە دکتۆر جۆزییە لیمۆن یەکێکی دیکە لە توێژەرانی بەشداربوو وتی:  ئەو گۆڕانکارییانەی بەسەر کەڕووەکانی هەناودا دێن وەك " M. restricta"، دەکرێت هۆکار بن بۆ دروستبوونی نیشانەکان و گەشەسەندنیان، هەر ئەمەش ڕۆڵی دەبێت لە زیادبوونی ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشی کرۆن.

ژ.ن