ڤیدیۆ.. ئەحمەد خەلیل داوایەک لە لەیلا فەریقی دەکات

2019-10-10

24440 جار خوێندراوەتەوە

+ -

هونەرمەندی گۆرانیبێژ ئەحمەد خەلیل داوا لە هونەرمەندی گۆرانیبێژ لەیلا فەریقی دەکات، دەربکەوێتەوە و بەرهەمی نوێی هەبێت.

ئەحمەد خەلیل لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا کە لە پەیجی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک بڵاویکردووەتەوە ئاماژەی بەوەکردووە، زۆر بیری هونەرمەند لەیلا فەریقی دەکات و داوا دەکات پەیوەندی پێوەبکات.

هونەرمەندی گۆرانیبێژ ئەحمەد خەلیل دەڵێت "پێمخۆشە بچینە خزمەتی هونەرمەند لەیلا فەریقی، چونکە ماوەیەکی زۆر دیارنییە، لە ئێستادا پێویستمان بە دەنگ و گۆرانییەکانی ئەوە".

ئەو هونەرمەندە لەگەڵ ناردنی پەیامەکەیدا، داوا لە هونەرمەند محەمەد یاسین دەکات وەک پشتگیرییەک لە داواکارییەکەی پەیامێکی ڤیدیۆیی هاوشێوە بڵاوبکاتەوە، ئەحمەد خەلیل لە کۆتایی پەیامەکەیدا بۆ لەیلا فەریقی گۆرانییەکی ئەو هونەرمەندە دەڵێتەوە.

پێشتریش لە لێدوانێکدا بۆ ئێن ئاڕ تی دوو ئەحمەد خەلیل وتی "لە پێشتردا چەند هونەرمەندێك داوایانلێکردووم دوێتیان لەگەڵ بڵێم، بەڵام من ڕەتمکردووەتەوە، حەزدەکەم لەگەڵ هونەرمەند لەیلا فەریقی گۆرانی بڵێم."

ئەحمەد خەلیل ساڵی ١٩٨٣ لە شاری سلێمانی لەدایکبووە، لە ساڵی ٢٠١٢ دەستی بەکاری هونەری کردووە، یەکەم ڤیدیۆ کلیپیی بە ناوی "چاوەڕوانی" بوو، جگە لە ئاهەنگ و کۆنسێرت، چەندین ئەلبووم و گۆرانی و ڤیدیۆ کلیپی تۆمارکراوی هەیە، لە ئێستادا بەهۆی بەرهەمەکانیەوە هەوادارێکی زۆری هەیە.

 



لەیلا فەریقی لە شاری مەریوان لەڕۆژهەڵاتی کوردستان لەدایکبووە، قۆناغی سەرەتایی لە شاری سنە خوێندووە، لە ساڵی ١٩٩١ چووەتە وڵاتی سوید، لە سەرەتادا بە وتنەوەی گۆرانییەکانی تایەر تۆفیق دەرکەوت، ساڵی ١٩٩٧ یەکەم ئەلبوومی بەناوی ئەستێرە بڵاوکردەوە، ساڵی ٢٠٠٠ ئەلبومی سیاچەمانە، ساڵی ٢٠٠٢ ئەلبوومی ئەوین و ئازار، ساڵی ٢٠٠٧ ئەلبوومی گوێملێگرنی بڵاوکردەوە،  پاش ماوەیەکی ساڵی ٢٠١٧ بەگۆرانیی منیش لێرەم دەرکەوتەوە و ئەلبوومی Echoes Of The Past بڵاوکردەوە، لەیلا گۆرانیبێژێکی بەناوبانگی کوردە، خوشکی هونەرمەندی کۆچکردوو مەرزیە فەریقییە، ماوەی دووساڵە دەرنەکەوتووە و هیچ بەرهەمێکی هونەریی بڵاونەکردووەتەوە.

Image result for ‫لەیلا فەریقی‬‎