١٠ ساڵ بەسەر کۆچی دوایی هونەرمەند ئەردەڵان بەکردا تێپەڕدەبێت

2019-10-10

5741 جار خوێندراوەتەوە

+ -

ئەمڕۆ ١٠ ساڵ بەسەر کۆچی دوایی هونەرمەندی کورد ئەردەڵان بەکردا تێپەڕدەبێت، بڕیارە بەوبۆنەیەوە لە شاری سلێمانی مەراسیمێکی تایبەت بە یادی ئەو هونەرمەندە لە سلێمانی رێکدەخرێت.

بە ناونیشانی "یادێک بۆ ئەردەڵان بەکر"، بەڕێوەبەرایەتی گشتیی رۆشنبیری و هونەری سلێمانی، بە مەبەستی بەرزڕاگرتنی ناوی هونەرمەندی کۆچکردوو ئەردەڵان بەکر، مەراسیمێکی تایبەت سازدەکات.

یادەکە هاوکاتە لەگەڵ ساڵیادی کۆچی دوایی هونەرمەند ئەردەڵان بەکر، ئەمڕۆ پێنجشەممە ١٠ی تشترینی یەکەمی ٢٠١٩ کاتژمێر ٣:٣٠ پاشنیوەڕۆ، لە لەگەلەری ئورفە لە شاری سلێمانی بەڕێوەدەچێت.

Image result for ‫ئەردەڵان بەکر‬‎

١٠ ساڵ لەمەوبەر و لە رۆژی (١٠ی تشرینی یەکەمی ساڵی ٢٠٠٩) هونەرمەندی گۆرانیبێژ ئەردەڵان بەکر، پاش نزیکەی ٢٥ ساڵ لەکاری هونەری لەتەمەنی ٤٢ ساڵیدا بەهۆی نەخۆشییەوە لە سوید کۆچی دوایی کرد.

ئەردەڵان بەکر یەکێک بوو لە هونەرمەندە دیارەکانی کورد و لەماوەی ژیانیدا چەندین ئەلبوم و ڤیدیۆ کلیپ و کۆنسێرتی گۆرانی ئەنجامدا.

ئەو هونەرمەندە چەندین ئەلبوومی تۆمارکراوی هەیە لەوانە "کچی گاور، بەینۆ، هەورامان، زۆر ئەترسم، خەونێک".

Image result for ‫ئەردەڵان بەکر‬‎

ئەردەڵان بەكر لەساڵی ١٩٦٧ لە هەولێر لەدایکبووە، لەتەمەنی ١٨ ساڵیدا بووتە پێشمەرگە، لەساڵی ١٩٨٦ یەکەم کاسێتی گۆرانی بڵاوکردووەتەوە، لە ساڵی ١٩٩١ چووەتە وڵاتی سوید، لە ساڵی١٩٩٣ یەکەم ئەلبوومی لە وڵاتی سوید بڵاوکردوەتەوە، لەماوەی ژیانی هونەریدا پێنج ئەلبوومی گۆرانی بەرهەمهێناوە، لەرۆژی (١٠ ی تشرینی یەکەمی ٢٠٠٩) لە وڵاتی سوید بەهۆی نەخۆشییەوە کۆچی دوایی کرد، رۆژی ١٥ ی ١٠ ی ٢٠٠٩ لە مەراسیمێکدا لە گۆڕستانی شێخ ئەحمەد لە شاری هەولێر بەخاکسپێردرا.