بەهمەن قوبادی: ئێران پاسپۆرتەکەیان لە دایکم سەندووە و ڕێگەی نادەن سەفەربکات

2019-09-22

3585 جار خوێندراوەتەوە

+ -

هونەرمەندی سینەماکاری دیاری کورد بەهمەن قوبادی بڵاویکردەوە، دەسەڵاتدارانی ئێران ڕێگرییان لەدایکی کردووە بۆ ئەوەی سەفەربکات و دەستبەسەریان کردووە و پاسپۆرتەکەیان لێسەندووە.

لەبارەی دەستگیرکردنی دایکییەوە بەهمەن قوبادی لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک نووسیویەتی، "دایکم چه‌ند کاتژمێر پێش ئێستا ئازاد کرا، بەڵام پاسپۆرتەکەیان لێسەندووە و بەیانی دەبێت بچێت بۆ دادگای ئینقلاب... دایکم نەخۆشە و ئێستا ئەبوایە لە ژێر چاودێریی پزیشک و دەرمان بوایە، بەڵام بەداخەوە بە جێگای ئەوە دەبێت بەیانی بچێت بۆ دادگا."

پێشتر بەهمەن قوبادی ئەوەی بڵاوکردەوە کە دایکی لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی ئیمام خومەینی دەستبەسەرکراوە و ڕێگەی پێنەدراوە سەفەربکات.

لەگەڵ بڵاوکردنەوەی وێنەیەکی خۆی و دایکی لە ئینستاگرام نووسیویەتی  "هەواڵم پێگەیشت کە دایکی پیری من لە فڕۆکەخانەی نێونەتەوەیی خومەینی، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەسبەسەر کراوە.. شەرم بۆ ئێوە کە ئیجازەی چوونەدەرەوەی دایکی ماندوو و زەحمەتکێشمتان نەدا، هەتاکوو دوای ماوەیەکی دوورودرێژ، بیبینم."

بەھمەن قوبادی ساڵی ١٩٦٩ لە شاری بانەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەدایکبووە، دەرچووی بەشی سینەمای زانکۆی تارانە، دەرھێنەرێکی سینەمایی بەناوبانگی کوردە، فیلمەکانی لە فێستیڤاڵە جیهانییەکاندا نمایشدەکرێت و تا ئێستا چەندین خەڵاتی نێودەوڵەتی بەدەستهێناوە، دیارترین فیلمەکانی (ساتێک بۆ مەستی ئەسپەکان، نیوەمانگ، کیسەڵەکانیش دەفڕن، کەس ئاگای لە پشیلە ئێرانییەکان نییە، وەرزی کەرکەدەن)، ئەندامی بنکەی سینەماکارانی ئەمریکایە.