دڵسۆز ماوەتی: هێشتا بەشدارییکردنی ژنان لە کاری هونەرییدا وەک پێویست نییە

2019-09-22

78699 جار خوێندراوەتەوە

+ -

هونەرمەند دڵسۆز ماوەتی پێیوایە هێشتا بەشدارییکردنی ژنان لەکاری هونەرییدا وەک پێویستە نییە، باسی ئەو حاڵەتەکانە دەکات کە لەسەرەتای کاری هونەرییدا ڕووبەڕووی بووەتەوە.

ئەو هونەرمەندە لەبارەی گرفتەکانی خانمە هونەرمەندەکان و بەربەستەکانی بەردەمیان، وتی "لەگەڵ مامۆستا ئەیام ئەکرەم فلمی شەوی زاوامان بەرهەمهێنا لەدەرهێنانی حەسەن عەلی، ئەوکاتە لە زۆرشوێن دەریان دەکردین و قسەی ناخۆشیان پێدەوتین، بەڵام ئەو ڕێچکەیەمان شکاند."

لەمیانەی بەشدارییکردنی لە بەرنامەی ئێن ئاڕ تی دوو کافێ، هونەرمەند دڵسۆز ماوەتی لەبارەی ڕۆڵەکۆمیدییەکان و کەسایەتی خۆیەوە بە پێکەنینەوە و وەک تەنزێک وتی "پیاوان دەڵێن لە دەورەکاندا لێت دەترسین و زۆر هاروهاجیت، هەرچەندە هەمووکەس توڕە دەبێت، بەڵام وانیم لە ژیانی ئاساییدا و بەوشێوەیە ئەوەندە زاڵم نیم، گەر کەسێک لەنزیکەوە بمناسێت ئەوەی بۆ دەردەکەوێت."

دڵسۆز ماوەتی ساڵی ١٩٨٥ لە سلێمانی لەدایکبووە، ساڵی ٢٠٠٠ دەستی بەکاری هونەریی کردووە، یەکەم کاری هونەریی بەشداریکردن بووە لە فلمێک بەناوی "کەسێکی بێ گوناه" تا ئێستا لە چەندین شانۆیی و فلم و درامادا بەشداریی کردووە، لە چەندین فێستیڤاڵی ناوخۆیی و دەرەوەدا بەشداریی کردووە و چەندین خەڵاتی بەدەستهێناوە، زیاتر وەک ئەکتەرێکی کۆمیدی دەردەکەوێت، دواینکاری بەشدارییکردنی بوو لە فلمێکی کۆمیدی بەناوی کاکەم ئەزانێ.