بە بەشداریی چەند هونەرمەندێک تیپی مۆسیقای سلێمانی کۆنسێرتێک سازدەکات

2019-09-22

6599 جار خوێندراوەتەوە

+ -

بە بەشداریی چەند هونەرمەندێک، تیپی مۆسیقای سلێمانی کۆنسێرتێکی گۆرانیی و میوزیک سازدەکات.

لە لێدوانێکدا بۆ ئێن ئاڕ تی دوو، فەرەیدون دارتاش سەرۆکی تیپی مۆسیقای سلێمانی ئاماژەی بەوەکرد، تیپی مۆسیقای سلێمانی بۆ بردەودان بەکارەکانی و پەیوەندییەکانی لەگەڵ هاوڵاتیان دەیانەوێت بەردەوامبن لە چالاکی هونەریی و پێشکەشکردنی کاری جوان.

لە کۆنسێرتەکەدا هەریەکە لە هونەرمەندان "ناسری ڕەزازی، نیان عەبدولڵا، حەمید عوسمان، قاسم هەورامی، کەویار، ئاریان کەریم" بەشدارن و بەرهەمەکانیان پێشکەش دەکەن.

لەبارەی تیپی مۆسیقای سلێمانییەوە ئاوازدانەر مامۆستا خالید سەرکار بۆ ئێن ئاڕ تی دوو وتی "تیپی مۆسیقای سلێمانی مێژوویەکی جوانی هەیە لە هونەری کوردیدا، بووەتە قوتابخانەیەک و چەندین هونەرمەندی پێگەیاندووە، پێویستە وەزارەتی ڕۆشنبیریی بایەخی پێبدات، چونکە ناسنامەی هونەری کوردی لەکارەکانیدا ڕەنگی داوەتەوە.

کۆنسێرتەکە  ڕۆژی ٢٧ی ئەیلوولی ٢٠١٩ کاتژمێر ٥:٣٠ ی ئێوارە لە شانۆی ڕۆمانی لە هەواری شار لە سلێمانی سازدەکرێت و هاتن بۆ هەمووانە و بێبەرامبەرە.

هونەرمەند نیان عەبدوڵڵا کە یەکێکە لە هونەرمەندە بەشداربووەکانی کۆنسێرتەکە، پێیوایە ماوەیەکە کۆمەڵێک ئاوازی بیانی هاتووەتە ناوەوە و هونەری کوردییەوە  و بەرەو پەرتەوازەیی چووە، دەڵێت "ئامانجمان لەم کارە ئەوەیە، کە هونەری ڕەسەنی کوردی ئاشنابکەینەوە بە گوێی هەوادارانی ئاواز و گۆرانیی کوردی.

تیپی مۆسیقای سلێمانی لەساڵی ١٩٦٧ له‌ شاری سلێمانی دامەزراوە، ساڵی ١٩٧٣ مۆڵەتی کارکردنی وەرگرتوە، لە کاتی دامەزراندنیەوە تا ئێستا بەردەوامە لە چالاکی هونەریی و چەندین بەرهەمی تۆمارکراوی تایبەت خۆی هەیە، زیاتر کار لەسەر پاراستن و گەشەپێدانی هونەریی ڕەسەنی کوردی دەکات.