هەڵمەتی کوتان دژی نەخۆشیی ئیفلیجی منداڵان دەستپێدەکات

2019-09-22

9871 جار خوێندراوەتەوە

+ -

بەڕێوەبەرایەتی گشتیی تەندروستی سلێمانی هەڵمەتێکی کوتان دژی نەخۆشیی ئیفلیجی منداڵان دەستپێدەکات.

ڕاگەیاندنی تەندروستی سلێمانی، هاوڵاتیانی پارێزگاکانی (سلێمانی و هەڵەبجە) سنوری گەرمیان و ڕاپەڕینی ئاگادارکردووتەوە، بەدەم هەڵمەتەکەوە بچن و هاوکاری تیمەکانیان بکەن، بۆ ئەوەی لەوماوەی کە دیاریی کراوە منداڵەکانیان بکوتن.

ئەم هەڵمەتە لە ڕۆژی ٢٩ی ئەیلوولی ٢٠١٩ دەستپێدەکات و بۆ ماوەی پێنج ڕۆژ بەردەوام دەبێت، لەوماوەیەدا منداڵانی خوار تەمەن پێنج ساڵ دەکوترێن.

بەڕێوەبەرایەتی گشتیی تەندروستی سلێمانی جەختی لەوە کردووەتەوە کە هەڵمەتەکە هەموو ئەو منداڵانە دەگرێتەوە کە تەمەنیان لە خوار پێنج ساڵەوەیە، ئەگەر پێشتر کوترابن یان سەرە كوتانیشیان بێت، هەڵمەتەکە دەیانگرێتەوە و پێویستە بکوترێن.

هەڵمەتی کوتان دژی ئیفلیجی منداڵان، لەرێگەی تیمە گەڕۆك و جێگیرەكانی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی تەندروستی "سلێمانی، هەڵەبجە، گەرمیان، راپەرین" و بەڕێوەبەرێتی تەندروستی چەمچەماڵ و بەڕێوەبەرێتییەكانی خۆپاراستنی تەندروستیەوە سەرپەرشتی دەكرێت.

ئیفلیجی منداڵان نەخۆشییەكی درمی ڤایرۆسی ترسناكە، بەزۆری تووشی منداڵانی خوار تەمەن پێنج ساڵان دەبێت، دەبێتە هۆی ئیفلیج بوون یاخود مردن، بۆیە پێویستە ساڵانە هەڵمەتی کوتان جێبەجێ بکرێت، دایکان و باوکان منداڵەکانیان بکوتن بۆ ئەوەی تەندروست و سەلامەتبن.

Image may contain: 1 person