شەش نیشانە ئاگادارت دەکەنەوە کە نابێت تەماتە بخۆیت

2019-09-17

61291 جار خوێندراوەتەوە

+ -

کەسانێکی زۆر رۆژانە تەماتە دەخۆن و دەیکەنە ئەو خواردنانەوە کە ئامادەی دەکەن، بەڵام هەندێكجار بەبێ ئەوەی بەخۆیان بزانن تووشی هەندێك کێشەی تەندروستییان دەکات.

ماڵپەڕی برایت ساید لە بابەتێکدا حەوت نیشانەی خستووەتەڕوو کە دەریدەخەن پێویستە تەماتە لە ژەمەکاندا کەمبکەنەوە و لە هەندێك حاڵەتیشدا نەیخۆن، بەم جۆرە:

هەستکردن بە ترشی گەدە:

تەماتە ترشی زۆرە و رەنگە ببێتە هۆی تووشبوون بە دڵەکزە و ترشی گەدە بۆ ئەو کەسانەی کە کێشەکانی گەدەیان هەیە وەك هەوکردن و برینی گەدە و سورێنچك.

ئازاری جومگەکان:

خواردنی بڕێکی زۆر تەماتە دەبێتە هۆی تووشبوون بە ئازاری جومگەکان چونکە وادەکات کالیسیۆم لە ناو شانەکاندا دروست ببێت، ئەمەش وادەکات هەست بە ئازار و هەوکردن و ئاوسانی جومگەکان بکەن.

کێشەکانی گورچیلە:

تەماتە دەبێتە هۆی کەڵەکەبوونی کالیسیۆم لە جەستەدا، چونکە دەوڵەمەندە بە ئۆکسالات کە هۆکارە بۆ دروستبوونی بەردی گورچیلە.

هەستیاری:

تەماتە پێكهاتەی هیستامینی تێدایە، کە کاری سیستمی بەرگری بەهێزدەکات دژ بە ماددە زیانبەخشەکان، کە ئەمەش هەندێكجار وەك هەستیاری دەردەکەوێت لەسەر پێست و زمان.

قۆڵۆن:

تەماتە رەنگە ببێتە هۆی دەرکەوتنی نیشانەکانی قۆڵۆن وەك گرژبوونی ورگ و ئاوسان و قەبزی یان سكچوون.

کێشەکانی رێڕەوی میزکردن:

ئەو خواردنانەی کە ترشەڵۆکیان زۆرە، دەکرێت ببێتە هۆی ئازاری میزڵدان، بۆیە ئەگەر کەسێك کێشەی لە رێڕەوی میز و میزڵداندا هەبێت ئەوا پێویستە تەماتە و کەچەپ و دۆشاوی تەماتە نەخۆن.

ژ.ن