ئەو خواردنانە چین کە دەبێت دوای تەمەنی ٤٠ ساڵی بیانخۆیت؟

2019-09-11

2481 جار خوێندراوەتەوە

+ -

لەگەڵ بەساڵاچووندا توانای جەستە بۆ پارێزگاریکردنی لە نەخۆشییەکان کەمدەبێتەوە و مەترسیی تووشبوون بە هەندێك لە نەخۆشییەکانی وەك شەکرە و بەرزبوونەوەی کۆلسترۆڵ زیاتر دەبێت.

بۆ ئەم مەبەستە ماڵپەڕی ئەلعەرەبییە ئاماژەی بەوە کردووە، لە پاش تەمەنی ٤٠ ساڵی پێویستە ئەو خواردنانە بخورێن کە رێگە لە تێكچوونی جەستە دەگرێت و پارێزگاری دەکات لە تووشبوون بە نەخۆشییەکانی وەك شەکرە و دڵ و لاوازیی زاکیرە و قەڵەوی، دیارترینیشیان بریتین لەمانەی خوارەوە:

- سەلەمون یەکێکە لە باشترین ماسییە چەورەکان کە بڕێکی زۆر ئۆمیگا ٣ی تێدایە و بەسوودە بۆ دڵ و دەمارەکان و مێشك و یارمەتیدەرە لە کۆنترۆڵکردنی ئارەزووی خواردن.

- شیری رووەکی لەم تەمەنەدا سوودێکی زیاتری هەیە بەهۆی ئەوەی هۆرمۆنی تێدا نییە و ریشاڵە خۆراکییەکانی زیاترە.

- شاتوو بە هەموو جۆرەکانییەوە دەوڵەمەندە بە دژە ئۆکسید کە جەستە لە شێرپەنجە دەپارێزێت و سیستمی بەرگری بەهێزدەکات.

- لە هەفتەیەکدا دەبێت سێ جار هێلکە بخورێت بۆئەوەی بڕی پێویستی پرۆتین و ماددەی خۆراکی دابینبکرێت، کە گرنگن بۆ چاو.

- ئەڤۆکادۆ دەوڵەمەندە بە ئۆمیگا ٣ و ئازاری ماسولکەکان و هەوکردنی جەستە بە گشتی کەمدەکاتەوە، هەروەها کۆلسترۆڵی زیانبەخش کەمدەکاتەوە.

- پیاز یەکێکە لەو خواردنانەی کە رووبەڕووی شێرپەنجە دەبێتەوە و سیستمی بەرگری بەهێزدەکات.

- نۆك دەوڵەمەندە بەو ریشاڵانەی کە پێویستن بۆ باشترکردنی کاری کۆئەندامی هەرس و پاککردنەوەی قۆڵۆن.

- بادەم و گوێز یەکێکە لە باشترین چەرەزاتەکان بەهۆی دەوڵەمەندیی بە کالسیۆم و چەوریی ئۆمیگا ٣.

- جەرجیر مەترسیی تووشبوون بە شێرپەنجە کەمدەکاتەوە و رێگە لە تێكچوونی بۆماوەیی DNA دەگرێت.

- یەك گێزەر دوو ئەوەندەی پێویستییەکانی جەستە بۆ ڤیتامین A دابیندەکات، هەروەها بڕێك دژە ئۆکسیدی تێدایە کە رووبەڕووی چرچی و خاڵە ڕەشەکان دەبێتەوە.

ژ.ن