شەش بەشداربوو کێبڕکێی بردنەوەی خەڵاتی پڕۆگرامی کورد تۆك دەکەن

2019-09-11

2436 جار خوێندراوەتەوە

+ -

لە قۆناغەکانی کۆتایی بەرنامەی کورد تۆك دا تەنها شەش بەشداربوو ماونەتەوە کە کێبڕکێی بردنەوەی نازناوەکە دەکەن.

پڕۆگرامی کورد تۆك کە ئێستا لە قۆناغی شەشەم و پێش کۆتاییدایە، و تەنها یەك قۆناغی ماوە بۆ هەڵبژاردنی براوەی پرۆگرامەکە، لە ئێستادا تەنها شەش بەشداربوو ماونەتەوە و کێبڕکێی بردنەوە دەکەن.

پرۆگرامی کورد تۆك یەکەم پڕۆگرامی تایبەتە بە پێشبڕکێی وتاربێژی، هەلێکە بۆ ئەوەی گەنجان بتوانن بەهرەکانی خۆیان لە رێی ڤیدیۆیەکی ٩٠ چرکەییەوە دەربخەن و بابەتێکی نوێ پێشکەش بکەن.

لە یەکەم ئەڵقەی پڕۆگرامەکەدا ٥۲ کەس لەوانەی ڤیدیۆیان ناردبوو بۆ بەشداریکردن هەڵبژێردران بۆ پێشبڕکێکە،  هەر بەشداربوویەک سێ خولەک لەسەر ستەیج لە بەرامبەر لیژنەی هەڵسەنگاندن و  ئامادەبوواندا بابەتەکەی پێشکەش کرد.

ئامانج لە پڕۆگرامەکە ڕەخساندنی هەلێکە بۆ گەنجان بۆ ئەوەی گوزارشت لە خۆیان بکەن و بیرۆکەکانیان پێشکەش بکەن و تواناکانی خۆیان بەدەر بخەن.

تەواوی پرۆگرامەکە لە حەوت قۆناغ پێكدێت و لە قۆناغی کۆتاییدا براوەکان ئاشكرا دەکرێن و خەڵاتەکە وەردەگرن، بەجۆرێك کە یەکەمی پرۆگرامەکە (٢٥٠٠ دۆلار)، دووەم (١٥٠٠ دۆلار) و سێیەم (١٠٠٠ دۆلار)، هەروەها ئەو نۆ کەسەی کە لە قۆناغی پێنجەمدا مانەوە گەشتێکی زانستیی یەك هەفتەیەییان بۆ رێكدەخرێت بۆ دەرەوەی کوردستان.

قۆناغی شەشەمی پرۆگرامەکە رۆژی شەممە ١٤ی ئەیلولی ٢٠١٩ کاتژمێر ٢:٠٠ی پاشنیوەڕۆ لە هۆڵی سپی شاری سلێمانی بەڕێوەدەچێت.