ڤیدیۆ.. دینا تاکەی بە سنگڵی دەمێنێتەوە؟

2019-08-14

78020 جار خوێندراوەتەوە

+ -

لە نوێترین دەرکەوتنیدا و لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ئێن ئاڕ تی دوو، خانمە هونەرمەندی گۆرانیبێژ دینا لە بارەی سنگڵیی خۆی و هاوسەرگیرییەوە دەدوێت.

لە وەڵامی پرسیارێکی ئێن ئاڕ تی دوو دا، خانمە هونەرمەندی گۆرانیبێژ دینا ئەوەی ئاشکرا کرد، چەندین داواکاریی هەبووە بۆ هاوسەرگیریی، بەڵام لە ئێستادا نایەوێت هاوسەرگیریی بکات و سنگڵیی هەڵبژاردووە.

دینا بە تەنزەوە وتی "دانیشتوین سنگڵ سنگڵ، هیچ عەیبمان نییە و وازمان لێبهێنن، هاوسەرگیریی و ئەو شتانە لە گۆڕێ نییە."

هەرچەندە ئەو خانمە هونەرمەندە نەیشاردەوە ئەگەر کەسێک هەبێت  گونجاو بێت رەنگە لە داهاتوودا بچێتە ئەو ژیانەوە، بەڵام لە ئێستادا هونەرەکە بۆ ئەو لە پێش هەموو شتێکەوەیە.

وەک خۆی باسی دەکات ئێستا دینا زۆرترین کاتەکانی بەزۆری لەگەڵ ئاوازدانەر هەڵکەوت زاهیر بەسەردەبات، سەرقاڵی ستۆدیۆ و کاری هونەرییە و حەزدەکات زیاتر لە ستۆدیۆ بمێنێتەوە، بۆ ئەوەی بتوانێت یەک تا دوو ئەلبوومی تر بۆ ساڵی ئایندە ئامادەبکات.

لە لێدوانە تایبەتەکەیدا بۆ ئێن ئاڕ تی دوو خانمە هونەرمەندی گۆرانیبێژ دینا جەختی لەوەکردەوە کە لە ئێستادا بژێوی ژیانی لەسەر هونەر و کارە هونەرییەکانیەتی و هیچ و هیچ پیشەیەکی تری نییە.

دینا لە شاری ڕانیە لەدایکبووە و لە ئێستاد لە شاری هەولێر نیشتەجێیە، لە مانگی تەمووزی ٢٠١٧ لە ڕێی هونەرمەندی ئاوازدانەر هەڵکەوت زاهیرەوە دەستی بە کاری هونەری کردووە، لەسەرەتای کارەکانییەوە بەخێرایی ناوبانگی هونەریی پەیداکرد، جگە لە گۆرانی و ڤیدیۆ کلیپ و ئاهەنگ، لە ئایاری ساڵی ٢٠١٨ یەکەم ئەلبومی گۆرانیی بەناوی "شای وڵات" بڵاوکردەوە.