عەدنان کەریم لە شاری سلێمانی کۆنسێرتێک سازدەکات

2019-08-14

3730 جار خوێندراوەتەوە

+ -

هونەرمەندی گۆرانیبێژ عەدنان كەریم، كۆنسێرتێك لە شاری سلێمانی سازدەكات.

بڕیارە رۆژی پێنجشەممە ٢٢ی ئابی ٢٠١٩ کاتژمێر حەوتی ئێوارە، لە هۆڵی تەلاری هونەر لە شاری سلێمانی، کۆنسێرتی هونەرمەند عەدنان کەریم بەڕێوەبچێت.

ئەم کۆنسێرتەی هونەرمەند عەدنان کەریم پاش ئەوەدێت، رۆژی ١٢ی تەمووزی ٢٠١٩ لە هۆڵی سەعد عەبدوڵڵا لە شاری هەولێر بە بەشداریی گروپی هونەری (مەحوی) کۆنسێرتێکی سازکرد.

جگە لە کۆنسێرتەکەی سلێمانی، بڕیارە رۆژی پێنجشەممە ٢٩ی ئابی ٢٠١٩ کاتژمێر حەوتی ئێوارە، لە ھۆڵی سەنتەری ڕۆشنبیری لە شاری كەركوك کۆنسێرتی عەدنان کەریم بەڕێوەبچێت.

هونەرمەند عەدنان کەریم لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنووسیدا، لە کاتی ئامادەکاری بۆ ئەم زنجیرە کۆنسێرتە، ئاماژەی بەوەکرد، پێویستە وەک سیمایەکی شارستانی لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە گرنگی بە کۆنسێرت بدرێت، بتوانرێت بەلایەنی کەمەوە مانگانە کۆنسێرت سازبکرێت.

لە بارەی سازکردنی کۆنسێرت لە شار و شارۆچکەکانی تر، عەدنان کەریم وتی "ئەگەر بۆمان بکرێت و پاڵپشتیمان هەبێت، بکرێت هەوڵبدەین بەردەوام لە شار و شارۆچکەکان کاری بۆ بکرێت."