پیاوێك بەهۆی تاڵێك قژەوە ناتوانێت لەسەر پێی خۆی بوەستێت

2019-07-12

25137 جار خوێندراوەتەوە

+ -

پیاوێکی بەڕازیلی تەمەن ٣٥ ساڵ هەستی بە ئازارێکی سەیر کرد لە پێی راستیدا و ئەم ئازارە لەگەڵ کاتدا روو لە زیادبوون بوو، بەڕاددەیەك وایلێکرد سەردانی نەخۆشخانە بکات.

راپۆرتەکانی گۆڤاری " Emergency Medicine" ئەوەیان روونکردووەتەوە، پێی ئەم پیاوە هیچ برینێکی لێنەهاتووە و تووشی هیچ زیانێك نەبووە، پزیشکان لە سەرەتادا نەیانتوانیوە کێشەکە بدۆزنەوە.

بۆ دیاریکردنی ئەم حاڵەتە پزیشکییەش بە وردی پسپۆڕان داوایانلێکرد لە پێشدا لەسەر نوکی پێی بڕوات دواتر لەسەر پاژنەی پێی بڕوات.

کاتێک لەسەر پاژنەی دەڕۆشت هەستی بە ئازارێکی زۆرکرد لە پێی راستیدا، بۆیە پزیشکان پشکنینیان بۆ بنە پێی کرد و بینیان یەك تاڵ قژی بچوك بەبنی پێیەوە لکاوە.

پاش ئەوەی بە هاوێنە سەیریانکرد بینیان، تاڵە قژێکی بچوك پێستەکەی بڕیوە و بەچینی ژێرەوەی پێستەوە نوساوە، درێژییەکەی ١٠ ملیم دەبێت، ئەمە وایکردووە پێستی ئەو ناوچەیە تووشی هەوکردن ببێت، کە ئەمە حاڵەتێکی دەگمەنە کە تاڵێك قژ بتوانێت بەشی سەرەوەی پێست ببڕێت و بەناوەوە بلکێت.

بۆ چارەسەری ئەم حاڵەتەش پزیشکان تاڵە قژەکەیان لەقاچی نەخۆشەکەدا دەرهێناوە لەگەڵ ئەوەدا ئازارەکەی کەمبووەوە.

تاوەکو ئێستا لەماوەی ٦٠ ساڵی رابردوودا تەنها ٢٦ حاڵەتی لەمجۆرە لە جیهاندا تۆمارکراوە.

ئەمەش زۆرکات بەهۆی ئەوەوە روودەدات کە تاڵە موو یان قژی بچڕاو لەناو گۆرەویدا هەبێت، لەمکاتەدا بەهۆی جوڵەی دووبارەوە پێست دەبڕێت.