وێنەیەکی مێگان مارکڵ تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی هەژاندووە

2019-07-12

45762 جار خوێندراوەتەوە

+ -

بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان رەخنەیەکی زۆریان لە مێگان مارکڵی هاوسەری شازادەی بەریتانیا گرتووە بەهۆی ئەو وێنەیەی کە تازە بڵاویکردووەتەوە و تێیدا دەرکەوتووە کە ئارچی کوڕی لەباوەشیدایە.

ماڵپەڕی روسیا تودەی لە هەواڵێکدا ئاماژەی بەوەکردوە، مێگان رووبەڕووی رەخنەیەکی زۆر بووەتەوە بەهۆی ئەوەی بەشێوەیەکی خراپ منداڵەکەی لەباوەشگرتووە، وەك لە وێنەکەدا دەردەکەوێت نەیتوانیوە بەباشی کۆنترۆڵی ئەو دۆخەی بکات.

ئەم وێنەیە کاتێك گیراوە مێگان و شازادە هاری هاوسەری لەگەڵ شازادە ویلیام و کێت میدلتۆن لە یاری پۆڵۆ ئامادەبوون.

لەسەر ئەو وێنەیە یەکێك لەبەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان نوسیویەتی: "خەریکە منداڵەکە دەخات"، یەکێکی کە نوسیویەتی: "دەبوایە کڵاوی لەسەر بکات و گۆرەوی لەپێ بکات، ئەو نازانێت چۆن منداڵ هەڵبگرێت".

لە یەکێکی دیکە لە کۆمێنتەکاندا هاتووە: "ئەوە روونە کە ئەو ناتوانێت منداڵ بەخێوبکات، ئەمە چ دایکێکە کە ئاوا منداڵەکەی هەڵبگرێت؟".

لە هەمان کاتدا هەندێك کەس پشتگیرییان لە مارکڵ کردووە و یەکێك لەوانە نوسیویەتی: "رەنگە نەیەوێت لە کامێراکان شت بشارێتەوە، چونکە دەکرێت لە ئێستادا لە قۆناغی فێربوونی پێویستییەکانی دایکایەتی بێت".

ژ.ن