دەریاچەیەکی ژەهراویی دەیان گەشتیار رادەکێشێت

2019-07-12

4647 جار خوێندراوەتەوە

+ -

ناوچەیەکی تایبەت بە فڕێدانی پاشماوە پیشەسازیی لە سیبریا بووەتە دەریاچەیەکی بچوك کە شێوەیەکی سەرنجڕاکێشی هەیە، وێڕای ئەوەی ئاوەکەی پیسە و ماددەی ژەهراوی تێدایە بەڵام کەسانێکی زۆر بەبێ گوێدانە ئەو مەترسییە لەپێناو وێنەگرتن سەردانی ئەو شوێنە دەکەن.

لە هەواڵێکدا ماڵپەڕی سکای نیوز ئاماژەی بەوەکردووە، بەشێکی زۆر لە نمایشکارانی جلوبەرگ و کەسە ناودارەکان بە مەبەستی وێنەگرتن سەردانی ناوچەیەك دەکەن لە سیبریا کە دەکەوێتە باکوری روسیاوە، کە تایبەتە فڕێدانی پاشماوەیی کارگەکانی وزە لە نۆفۆسیبرسك و بە ماڵدیڤی ناوخۆیی ناودەبرێت، چونکە شێوەی ئەو دەریاچەیە زۆر درەوشاوە و سەرنجڕاکێشە و باکگراوندێکی زۆر جوان بە وێنەکان دەبەخشێت وا دەریدەخات کە لە گەشتێکی خۆشدا بن.

کۆمپانیای سایبیریان جێنێرەیتینگ کە خاوەنی ئەو شوێنەیە وتوویەتی: ئەو رەنگە سەرنجڕاکێشە درەوشاوانەی دەریاچەکە بەهۆی بوونی ئۆکسیدی کالیسیۆمەوەیە لە پێکهاتەیدا، کە ئەوەش ماددەیەکی زیانبەخشە بۆ مرۆڤ.

هەرچەندە چەندین جار کۆمپانیاکە ئاگاداریی داوە دەربارەی مەترسییەکانیی، بەڵام فۆتۆگرافەرەکان بەردەوامن لە سەردانکردنی شوێنەکە بۆ ئەوەی وێنەیەکبگرن زۆرترین لایکی هەبێت و بڵاوببێتەوە.

هەروەها ئاماژە بەوەشدراوە، ئەو شوێنە ناوچەیەکی پیشەسازییە نەك شوێنێکی سروشتیی و گەشتیاریی، نابێت هیچ کەسێك بچێتە ئاوەکەوە یان ئاوی رووەکی پێبدات.

ژ.ن